نوسینی: : به‌كر ده‌روێش

 

 

دووای ئەوەی بەرپرسە گەنجەکە لەقسەکانی بووەوە بەردەرگاکەو سەر ستێجەکە بوو بەقەڵەباڵغ، کۆڵەکوشتێ و پاڵپاڵێنێکی زۆر، هەر کەسەو دەیویست سێڵفیەکی لەگەڵدا بگرێ، ئەمیش لەجێگاکەی خۆیەوە سەیری ئەو دیمەنە کۆمیدیایەی دەکرد، خەیاڵ بردیەوە لەبیریدێ پاپیری ئەم کوڕەگەنجە شێخ تایر، هاتبووە دێکەیان، دەروێش و موریدێکی زۆریش دوای کەوتبوون، دووای دوو ڕۆژ لەزکرو حایوحوو، دووای خواردنی گۆشتی چەندین سەر حەیوان، دواجار پێش لەوەی یاشێخ بڕوات، زۆرێک لەگەنجانی ئاوایی کەئەم یەکێک بوو لێیان بەنیەتی تۆبەدان و تەریقەت کۆکردەوە، کاتێکیش تەواو بوو، چووە سەر شوێنێکی بەرز، وەک ئێستای کوڕە زاکەی،ئەوکات وەک ئێستا سێڵفی نەبوو، دەسماچکردن هەبوو، بۆیە دانە دانە گەنجەکان چوون دەستیان ماچ کرد، وەک چۆن ئێستا ئەو خەڵکە هەموویان بۆ سێڵفیەک سواری کۆڵی یەکتر بوونە، لەدڵی خۆیا وتی..ئەی باشە ئێمە بۆچی سی ساڵ خەباتمان کرد، ئەو هەموو خوێنە بۆ ڕژا؟ خۆ ئێستاش کوڕو کوڕەزای ئەوان حوکمڕانن، سەڵا لەئەقڵمان ئێمە بەسەرکردایەتی شێخ و ئاغا دژی شێخ و ئاغا خەباتمان دەکرد هههههه لەدەنگی پێکەنینەکەی خۆی ڕاچەڵەکا، دیتی تەنیا دووسێ کەس ماون سێڵفی بگرن، هێواش هێواش لەجێگاکەی خۆی هەستاو ویستی لەهۆڵەکە بچێتە دەرەوە، کەگەشتە لای دەرگاکە، گەنجە بەرپرسەکە بانگی کرد، ئا تۆ وەره، وتی لەگەڵ منتە؟ بەڵێ. فەرموو..ئەوە بۆ نەهاتی سێڵفیەکم لەگەڵا بگری؟ وتی وەڵا قوربان من تاقەتی ئەم شتانەم نییە، وتی ئەی ئەم خەڵکە بۆ تاقەتی هەیە؟ ئەوە مەسەلەی زەوقە من زەوقم نییە، ئەی ئەم عالەمە بۆ زەوقی هەیە؟ ئەوە پێوەندی بەخۆیانەوە هەیە، پێوەندی بەمنەوە نییە، ئەی تۆ پێوەندیت بەکێوە هەیە؟ سەر بەکێی؟ کێت لەپشتە؟ قوربان سەر بەکەس نیم، من تەنیا پێشمەرگەیەکی کۆنم و هیچیتر.. بۆ بەس تۆ پێشمەرگە بووی؟ ئەی ئەم خەڵکە هەموویان پێشمەرگە نەبوون، بۆ ئەوان هاتن و سێڵفیان گرت، بۆ تۆ نایگری …تاقەتی جواب دانەوەی نەبوو، لێیداو ڕۆشت، کاتێک گەشتە سەرکۆڵانەکە، لەپشتەوە کێشایان بەسەریدا، بەدەما کەوت و لەهۆش خۆی چوو، کاتێک بەئاگا هات، دیتی لەناو ژوورێکی تاریکدا، کەوتوە، لە پشت سەریەو هەستی بەئازارێکی زۆر دەکرد، دەستی لێدا، بینی برینێکی قوڵی تێکەوتووەو خوێنێکی زۆریش بەباڵایدا هاتوەتەخوا، دەستی برد بۆ گیرفانی سەیریکرد مۆبایلەکەی و سعاتەکەی دەستی نەماوە، ویستی هەستێ، نەیتوانی، زۆر تینووی بوو، بەهەرحاڵێک بوو، بەتەنیشت دیوارەکەدا خۆی گەیاندە لای پەەنجەرە بچوکەکە، کردیەوە تۆزێک ڕوناکی هاتە ژوورەوە، دیقەتێکی ناو ژوورەکەی دا، دیتی لەو سەرەوە، ئاو دەستێک و حومامێکی لێیە، چوو لەبۆڕێکە دەموو چاوی شت و سێ چوار گوێل ئاویشی خواردەوە، تۆزێک پشوویدا، گەڕایەوە ناو ژوورەکەو پاڵ کەوت، لەنێوان بێهۆشی و خەودا بوو، کە دارگاکە کرایەوە، کەمێک خواردن و دەبەیەک ئاوو بەتانیەکیان بۆ هێنا، وەک کەسێک تووشی لەبیرچونەوە بوو بێت، باش شتەکانی لەبیر نەبوو، ئەوەنەی لەبیر بوو ئەو لەکۆبوونەوەیەکی پێشمەرگە کۆنەکانەوە بۆ ماڵ دەگەڕایەوە، کەچی ئێستا لێرە زیندانە، بێ ئەوەی بزانێ چەنێکە لەوێیە، ئەو ڕۆژانەی بیر هاتەوە کەلەئەمنی کەرامەی کەرکوک زیندانی بوو….

…ماویەتی…

 

————-

 

چیرۆک:

سێڵفی/ ب ۲

 

به‌كر ده‌روێش

 

بیریهاتەوە چۆن ئەشکەنجەیان دەداو دەیاندا لەکارەبا، شەش مانگی ڕەبەق لەژێر تەعزیبدا بوو، بەڵام ئیعترافی نەکرد، ناچار ئازادیان کرد، ساڵی 1980 بوو بەپێشمەرگە، ئێستا ئەم ژوورە لەهەمان ژوور دەچێت، هەمان هەڵسوکەتی بەعسیانەو هەمان ڕەفتار، بگرە دڕندەترو وەحشیانەتر، خوایە چی دەگوزەرێ، تۆ بڵێی داعش نەیان ڕفاندبێت؟ تۆ بڵێی ئەمە زندانی ئەوان نەبێت؟ دەیان و سەدان پرسیاری تری بەمێشکدا هات؟..لەناو گێژاوی پرسیاردا بوو دەرگاکرایەوە، دوو دەمامکدار هاتنە ژوورەوە، لەدڵی خۆیدا وتی ..تەواو ئەمانە داعشن و ڕفاندویانە… دەمامکدارەکان چاویان بەستەوە، قۆڵیان گرتوو بردیانە دەرەوە، وایدەزانی بۆ سەربڕینی دەبەن، جا باسەری ببڕن، ئەو بۆ بەعس کۆڵی نەدا قابیلە بۆ ئەمان کۆڵدات، ماوەیەک بردیان، لەژورێک دایاننا، دووای ماوەیەک چاویان کردەوە، ژورێکی گەورەو ڕازاوە بوو، بۆن خۆش و پاکو خاوێن، هۆڵێک بوو بەناوی ژوورەوە، دوای کەمێک هەمان بەرپرسی گەنج خۆی کرد بەژوراو لەسەرکورسیەکەی بەرانبەری دانیشت، بەجارێ حەپەسا، لەدڵی خۆیا وتی ڕەنگە چاوم ڕێشکەو پێشکە بکات، هەرچی دەکرد نەیدەتوانی بڕوا بەوە بکات کەدەیبینێ، ئێرە کوێیە؟ بۆ کەوتوەتە ئەم دۆخە؟ چیان لێی دەوێ؟ گەنجە بەرپرسەکە بزەیەک گرتی و وتی مام عەلی سڵفیەک نەگرین…حەرەسەکانی دەوروبەری دایانە قاقای پێکەنین، هەناسەیەکی هەڵکێشاو لەسەرخۆی وتی.. نەخێر.. کابرا..وتی: عەلەسیس، خۆت بەچی ئەزانی؟ خۆشت بێت و تورشت بێت، ئەبێ بیگری، پرسی تۆ سێڵفی منت بۆ چییە؟ وتی: بۆ ئەوەی لەفەیسبووکەت بڵاویکەیتەوەو بنووسی لەگەڵ ڕابەرو پێشەوامان کاک فڵان…تا دەرکەوێ بۆ میللەت هەمووان منیان خۆشدەوێ… تۆزێ وەستاو وتی: ئاخر تۆیەکی نەستەلە خۆر لەهەموو ژیانتدا تاقێ پێشمەرگایەتیت نەکردوە، چۆن بتکەمە پێشەواو ڕابەری خۆم، من بەقەد باڵای تۆ قۆندەرەی لاسیقم بەو شاخانەوە دڕیوە، ئێستا بێم کڕنۆش بۆ تۆ بەرم ؟؟ نەخێر نایگرم.. کابرا توڕەبوو وتی.. بیبەن هەڵیواسن، دارکاریەکی باشی بکەن تا ئاقڵ دەبێت ئەم سەگبابە، بەم شێوەیە بۆماوەی پێنج مانگ، هەفتەی جارێک، ئەیانبردە لای ئەو بەرپرسەو هەمان پرسیاری لێدەکرد، ئەویش هەموو جارێ ڕەتیدەکردەوە سێڵفیەکە بگرێ، لەکۆتایدا کابرا پێی وت ئەگەر سیڵفیەکە نەگری هەردوو گوونت دەرەکەم، وتی ئەگەر هەردوو چاویشم دەرکەی نایگرم.. دووای شەش مانگ لەزیندانی پیاوێکی خەسیوویان بەرەڵا کرد، پیاوێک کەهەموو تەمەنی خۆی بەو شاخانەوە بەسەر بردبوو، هەموو جەستەی شوێنی کۆنەبرین بوو، زۆرجار بەخۆی دەگوت شەش مانگ لەژێر ئەشکەنجەی بەعسدا بووم دەستیان بۆ شوێنێکی نەشیاوم نەبرد، کەچی ئەم دەسەڵاتە کوردییەی کەخۆم و هاوڕێکانم بەئارەق و خوێن دروستمان کرد خەساندمیان..
..ماویەتی…

—-

چیرۆک….. سێڵفی

کۆتایی

لەداخی خەساندنەکەی زۆرجار بیری لەتۆڵەی جۆراوجۆر دەکرەوە، لەکوشتن و بڕین، لەتەقینەوە، لەسەت کاری نەشیاویتر، تەنانەت بیری لەوەش کردەوە بچێ ببێ بەداعش، بەڵام لەکۆتایدا بڕیاریدا، لەجیاتی ئەوەی کەسێک بکوژێ، یان کارێکی نەشیاو بکات، خۆی خۆی دادگایی بکات و سزای خۆی بدات، سزای ئەو ئەقڵەی بدات کەبەم ڕۆژەیان گەیاند، ئەو ڕۆژانەی بیردەهاتەوە کەباوکی ڕەحمەتی دادو بێدای کرد وتی: کوڕم واز لەمانە بێنە شوێنیان مەکەوە، ئەمانە بۆگیرفانی خۆیان هەوڵەدەن، بۆ کوردیان نییە، من لەتۆ تەجرەبەم زۆرترە، زۆرم بینی وەک تۆ هەڵخەڵەتان و دوایش پەشیمان بوونەوە، بەڵام دوای چی، کوڕم من پیاوێکی نەخوێنەوار نیم، دنیام دیوە، ئەزانم خۆشت و ئێمەش ئەفەوتێنی، ئاقیبەکەتشی وادەرچوو، حکومەت باوکی و دایکی و دوو خوشکی سەرگووم کرد، ئێستاو ئەوسا کەسنەیزانی چیان بەسەرهات، خۆیشی وا زگورت و ڕەبەن لێیماوەتەوە، هەموو عومری خۆی لەپێناو شۆڕشدا سەرفکرد، شۆڕشیش کەوتە دەستی لووسکەو پووسکە، ئەمەی ئێستا بەرهەمی شۆڕشە، بە پێنج مانگ مووجەیەکی نادەنێ، هەرچەندە ئەو بۆ مووچە خەباتی نەکرد، بەڵام وادەبینێ زۆرێک لەوانەی لەدووای ئەمیش بوونە پێشمەرگە، ئێستا خاوەنی دەیان کۆمپانیاو فێلان، ئەمیش تازە بەتازە بەزۆر سێڵفی پێدەگرن، بۆیە ڕۆژێکیان جلێکی شینی پۆشی و گسکێک و عارەبانەیەکی دەستی بردو چووە بازاڕ، لەچەقی بازاڕدا هاواریکرد، هۆ خەڵکینە هۆۆۆ، خەڵکەکە لەدەوری کۆبوونەوە، وتی من بەناوی خۆم سەرجەم پێشمەرگەو هەڤاڵە کۆنەکانمەوە، ئەوانەی واماندەزانی شۆڕش ڕاستەو بۆ ڕزگاری گەل و نیشتمانە، داوای لێبوروونتان لێدەکەم، ئێمە ساڵانێکی زۆر لەوشاخانە تەقوتۆقمان کرد، بەهۆی ئێمەوە هەزاران کەس ئەنفال بوو، هەزاران دێ کاول و وێران بوو، میللەت هەمووی ئەشکەنجەو ۆ ئازاری چەشت، کەچی لەجیاتی ئەوەی ژینانتان خۆشکەین و وڵات ئاوەدان کەینەوە، ئاشتی و ئازادی و دیموکراتیتان بۆ بێین، دەسەڵاتێکمان هێنایە بەرهەم ئینسانی کوردی خەسان، وڵاتی کاول کرد، دزو گەندەڵ بوونە حوکمڕان، بۆیە بڕیارمداوە، لەجیاتی ئەوەی پەنا بۆ توندو تیژی ببەم، سزای خۆم بدەم، ئەگەر دەسەڵاتیشم هەبووایە نەک تەنیا خۆم هەموو ئەوانەی وەک من ڕۆژێک لەڕۆژان چەکیان هەڵگرتووەو چوونەتە شاخ، دەمهێنان و هەتا مردن کوچەو کۆڵانەکانی ئەم شارو ئەو شارم لەزبڵ و خاشاک پێیان پاکدەکردەوە، لەو ڕۆژەوە کەئەو بڕیارەی داوە خۆبەخشانە کوچەو کۆڵانەکانی شار لەزبڵ و خاشاک پاک دەکاتەوە، لەسزای ئەوەی کردیان و هێنایانە بەرهەم..

 


Like it? Share with your friends!

Comments

كۆمێنت

Choose A Format
Personality quiz
Series of questions that intends to reveal something about the personality
Trivia quiz
Series of questions with right and wrong answers that intends to check knowledge
Poll
Voting to make decisions or determine opinions
Story
Formatted Text with Embeds and Visuals
List
The Classic Internet Listicles
Countdown
The Classic Internet Countdowns
Open List
Submit your own item and vote up for the best submission
Ranked List
Upvote or downvote to decide the best list item
Meme
Upload your own images to make custom memes
Video
Youtube, Vimeo or Vine Embeds
Audio
Soundcloud or Mixcloud Embeds
Image
Photo or GIF
Gif
GIF format