عارف قوربانی

 

زۆرجاری دیكە ئەوەم گوتووە، كە وەك چۆن عەرەب و دەسەڵاتدارەكانیان بوونە هۆكاری چارەسەرنەبوونی كێشەی قودس، لە كوردستانیش كورد خۆی و حیزبە دەسەڵاتدارەكانی نەیانویستووە كێشەی كەركووك چارەسەرببێ. سەركردەی وڵاتە عەرەبییەكان پێویستیان بە مانەوەی كێشەی فەڵەستین بووەو قودسیان كردووە بە پاساوی رێگریی لە چارەسەرییەكان، تاوەكو هەمیشە بۆ ورووژاندنی بیری نەتەوەیی عەرەب بەكاریبهێنن. لێرە لە كوردستانیش مانەوەی كێشەی كەركووكیان پێویستبووە بۆ ورووژاندنی هەستی نەتەوەیی كورد، ئەگینا لە رابردوودا چەند جارێك دەرفەتی ئەوە هاتووەتەپێش لانیكەم لە چارەسەر نزیكمان بكاتەوەو خۆمان دەرفەتەكانمان فەرامۆشكردووە.

لە هەركات و سەردەمێك پێویستیان بە جۆش و خرۆشدانی هەستی خەڵك بووبێت، كەركووك باسی گەرمی رۆژ بووە، بابەتی سەرەكی كۆبوونەوەی حیزبەكان و  خەمی گەورەی سیاسییەكان بووە. بێگومان ئەمەش هەڵهێنجراوی ئەو خەمە گشتییەی خەڵك بووە بۆ كەركووك، بۆیە حیزب و سەركردەكانیش كردوویانەتە ئامرازی ئامانجەكانیان، كە ئەمە دیوێكی مەترسییەكەیە، كەركووك وەك ئامرازێك بۆ ورووژاندنی هەست و سۆزی خەڵك بەكاربراوە.

دیوەكەی دیكەی مەترسییەكە نەمانی بایەخی كەركووكە لای خەڵك، چونكە ئەگەر بابەتی كەركووك لای كۆمەڵگە فەرامۆشكرا، چیدیكە حیزبەكان و میدیا و سەركردەكانیش وەك ئامرازێكی جۆشدان دەستی بۆ نابەن و بەو هۆیەوە دەبێتە پرسێكی فەرامۆشكراو. ئێستا كەركووك بەو دەردەچووەو خەریكە لەبیری خەڵك دەچێتەوە، بایەخ بۆ رووداوەكانی كەمبووەتەوە، ئەو زوڵم و زۆرەی لەسەر كوردەكانی هەن، ئەو پرۆسەی داگیركارییەی بە پلان و بەرنامەی ورد بەڕێوەدەچێت، هێنانی عەرەب و سەرلەنوێ بەكاربردنەوەی دامودەزگای دەوڵەتی لە خزمەتی تەعریب، ئەمانە هیچیان هەستی كۆمەڵگەی كوردی نابزوێنێ.

كێشەكە نەمانی بایەخی خەڵكە بۆ مەترسییەكانی سەر كەركووك، بۆیە سەركردەو حیزبەكانیش كورد گوتەنی مێشێك میوانیان نییە. ئەگەر هەستی گشتی كۆمەڵگەی كوردی و هۆشیاریی نەتەوەیی لە ئاستێكدا بووایە دركی بەو هەڕەشەو ستراتیژە داگیركارییانە بكردایە كە لە كەركووك بەڕێوەدەبرێن، ئەوە ئێستا حیزب و سەركردەكان ركابەریی ئەوەیان دەبوو كامیان زۆرتر لە خەمی كەركووكن.

كەواتە بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارێتیی كورد، حیزب و سەركردەكان لە پرسی كەركووك و ئەو مەترسییانەی لەسەرین بەئاگابێنینەوە، سەرەتا پێویستمان بە بەئاگاهێنانەوەی كۆمەڵگەیە. دروستكردنەوەی خەمی گشتییە بۆ ئەم پرسە نەتەوەییەی لە رابردوودا بەشی زۆری نەهامەتییەكانمان، قوربانی و خەباتی راستەقینەی تێكۆشەرەكانیش هەر لەو پێناوەدا بووە.

بۆیە میدیای بەرپرس، نوخبەی دەستەبژێر، ئەوانەی لە خەمی ئایندەی ئەم نەتەوە بێكەس و زوڵملێكراوەن، دەبێ بە بەرپرسیارێتی زیاترەوە ئاوڕێك لە كەركووك بدەنەوە، ئەو مەترسییانەی ئێستا لەسەر كەركووك هەن بوورووژێنرێن، لێكەوتەكانی بۆ ئایندەی ناوچەكانی دیكە روونبكەنەوە. خەڵك بەئاگابێننەوە لەوەی كەركووك سەنگەری پارێزگاریی و مانەوەی تۆیە لە هەر كوێیەكی كوردستان بیت، لەدەستچوونی كەركووك كردنەوەی دەرگایە بۆ هەڕەشەكان لەسەر بست بە بستی خاكی كوردستان.

لەم رۆژانەی رابردوو نووسراوێكی پارێزگاری بەوەكالەتی كەركووك بڵاوكرایەوە كە ئاراستەی یەكە سەربازییەكانی كردووە بۆ یارمەتیدان و ئاسانكاریی بۆ هێنانەوەی سەرۆك عەشیرەتی شەممەر بۆ كەركووك و پاشان دوورخستنەوەی ئەوانەی كە راكان جبووری بە تەجاوزكار ناویبردوون. نووسراوەكە ئاماژەی مەترسیداری تێدایە هەر لە بەكاربردنی سوپا و دامەزراوە دەوڵەتییەكان بۆ خزمەتی تەعریب، تاوەكو دەگاتە رەتكردنەوەی دەستووری عێراق، چونكە وەك لە نووسراوەكە ئاماژەی بۆ كراوە ئەم سەرۆك خێڵە لەدوای كەوتنی سەدام لە 2003وە كەركووكی بەجێهێشتووەو چووەتەوە شوێنی پێشووی خۆی، كە ئەوە رێكاری دەستووری و نێوەڕۆكی ماددەی ۱٤۰ی دەستوورە، بەڵام هێنانەوەی لەئێستادا بۆ كەركووك پێشێلكردنی دەستوور و رێكارە یاساییەكانە، كە ئەمە نموونەیەكە لە هەزاران.

بوێریكردن بەوەی لە نووسراوی فەرمیی حكومەتدا دەستەواژەی عەرەبی رەسەنی كەركووك بۆ سەرۆك خێڵی شەممەر بەكاربێنێت، هەروەها وشەی تەجاوزكار بۆ ئەو كوردانە بەكاربێنێت كە گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان، جێی هەڵوەستە لەسەركردنە، دەبێ یەكە یەكە ئەو پرسیارە لەخۆمان بكەین؛ راكان جبووری كە عەشیرەتەكەی خۆشی عەرەبی هاوردەی دوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقن، پشتی بەچی قاییمە، وا بەو بوێرییەوە سیاسەتی تەعریب بەڕێوە دەبات؟ بەدەر لە كردەوەكان و پرۆسەكە كە هەموویان پێشێلی دەستوورن، بەكاربردنی دەستەواژەی عەرەبی رەسەن بۆ تەعریبچییەكی كەركووك پێچەوانەی دەستوورە، چونكە دەستوور ئەوانەی بە غورەبا ناو بردووە، نەك لەسەر پرۆسەی بەعەرەبكردن، بەڵكو هەر لەسەر ئەم نووسراوە دەبێت پارێزگارە تەعریبچییەكە دادگایی بكرێت.

بەڵام هۆكاری ئەوەی كە سەرۆككۆمار وەك پارێزەری دەستوور لەم پێشێلكارییە دەستوورییانە بێدەنگە، هەروەها هۆكاری ئەوەی وەزیرە كوردەكانی بەغدا هیچ بایەخێكیان بۆی نییە، هەروەها كە پەرلەمانتارەكانیش گوێی پێنادەن، تەنیا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە خەڵك بێدەربەستن لە ئاست ئەم پێشێلكاریی و مەترسییانە، ئەگەر خەڵك بایەخی بۆی هەبێ، ئەوە بەدڵنیاییەوە بۆ چەواشەكاریی و خۆ بەپاڵەوانكردنیش بێ، هەموویان لەسەر كەركووك بەدەنگ دێن.

ئێمە ناتوانین بیركردنەوەو ئەولەویەتی حیزبەكان و سیاسییەكان بگۆڕین، ناتوانین كە دڵسۆزی میللەت نەبن و خەمی داهاتووی نەتەوەكەیان نەبێ، بیانكەین بە خەمخۆر. كە خاكیان خۆشنەوێ و ئینتیمایان بۆ نیشتمان نەبوو، بەئاسانی وایان لێبكەین ببنە نیشتمانپەروەر، بەڵام كە دەزانین ئەوان بەشوێن ئارەزووی خەڵكەوەن، بزانن رای گشتی چی دەوێ واخۆیان دەنوێنن. كەواتە دەبێ پرسی كەركووك و ئەو هەڕەشەو مەترسییانەی لەسەرین، بكەینە خەمی گشتیی كۆمەڵگە، دەبێ هۆشیاریی ئەوە دروستبكەینەوە كوردێك لە ئامەد، لە مهاباد، لە قامشلۆ، لە هەولێر و سلێمانی خۆیان بە خاوەنی كەركووك بزانن.

دەبێ كەركووك بە بیری خەڵك بهێنرێتەوە، رووداوەكانی رابردوو، ئەو قوربانییانەی بۆی دراون، گیانفیدایی ئەوانەی عاشقی كەركووك بوون و لەپێناویدا گیانیان بەختكردووە، ئەو هەڵوێستە نەتەوەییانەی لە هەندێ سەردەم و قۆناخدا بۆ كەركووك دەربڕدراون، دەبێ بیانهێنینەوە نێو یادەوەریی خەڵكی كوردستان. پێویستە خەڵكی كەركووكیش كە ئێستا كەس گوێی لە هاواریان نییە، كەس هەست بە ژانی ئازارەكانیان ناكات، بە دەنگی بەرزتر هاواربكەن، نابێ لە نائومێدی و بێهیواییدا چۆك بۆ ستەمكاریی دابدەن و باوەڕیان بەوە نەمابێ كەس لەسەریان بەجواب نایەت، هاواری خۆیان، خستنەڕووی ئازارەكانیان، هەست و ویژدانی هاوخوێنەكانیان دەجووڵێنێ، كە ئەو هەستە جەمعیەش دروستبوو، دڵنیابن حیزبەكان، دەسەڵاتداران، نوێنەرانی كورد لە بەغدا، هەموو دێنە مەیدان.


Like it? Share with your friends!

Comments

كۆمێنت

Choose A Format
Personality quiz
Series of questions that intends to reveal something about the personality
Trivia quiz
Series of questions with right and wrong answers that intends to check knowledge
Poll
Voting to make decisions or determine opinions
Story
Formatted Text with Embeds and Visuals
List
The Classic Internet Listicles
Countdown
The Classic Internet Countdowns
Open List
Submit your own item and vote up for the best submission
Ranked List
Upvote or downvote to decide the best list item
Meme
Upload your own images to make custom memes
Video
Youtube, Vimeo or Vine Embeds
Audio
Soundcloud or Mixcloud Embeds
Image
Photo or GIF
Gif
GIF format