پێنج كه‌س له‌ خێزانێكی كه‌ركوكی گیانیانله‌ده‌ستداوه‌، به‌هۆی توشبونیان به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئه‌وه‌ش ته‌نیا له‌ ماوه‌ی 15 رۆژدا.

به‌پێی دوایین ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراق، ئه‌مڕۆ هه‌ینی 26ی حوزه‌یران هه‌شت حاڵه‌تی گیانله‌ده‌ستدان به‌ كۆرۆنا له‌ كه‌ركوك تۆماركراون، دوو له‌و كه‌سانه‌ش دایك و كچێك بون.

"ئه‌و دایك و كچه‌؛ پور و پورزای من بون، به‌وه‌ش ژماره‌ی كۆچكردوانی خانه‌واده‌كه‌مان به‌هۆی كۆرۆناوه‌ گه‌یشته‌ پێنج كه‌س" به‌وته‌ی سدیق شه‌فیق.

سدیق شه‌فیق (53 ساڵ)، دانیشتوی شاری كه‌ركوكه‌  باسی له‌وه‌كرد ته‌نیا له‌ ماوه‌ی 15 رۆژدا، سێ پور، دوو خاڵ و پورزایه‌كی توشی كۆرۆنا بون و هه‌ر به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌شه‌وه‌ گیانیانله‌ده‌ستداوه‌.

"12 بۆ 18ی حوزه‌یران دوو خاڵم (عومه‌ر ئه‌حمه‌د ئه‌مین – 56 ساڵ) و (به‌كر ئه‌حمه‌د ئه‌مین – 57 ساڵ) له‌گه‌ڵ پورێكم (به‌سیره‌ ئه‌حمه‌د ئه‌مین – 58) كه‌ دانیشتوی گه‌ڕه‌كی ئازادی بون له‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانیانله‌ده‌ستدا".

سدیق ده‌ڵێت به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی 26ی حوزه‌یران پورێكی دیكه‌ی به‌ناوی (ئاواز ئه‌حمه‌د ئه‌مین – 60 ساڵ) كه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ خۆی كه‌ره‌نتینه‌ كردبوو له‌گه‌ڵ كچی پوری (دیاره‌ – 42 ساڵ) كه‌ خێزانداره‌ و له‌ بازیان نیشته‌جێیه‌ به‌ كۆرۆنا گیانیانله‌ده‌ستدا.

ئه‌و پێنج هاوڵاتییه‌ی گیانیانله‌ده‌ستداوه‌ جگه‌ له‌ كۆرۆنا نه‌خۆشی تری درێژخایه‌نی وه‌ك شه‌كره‌ و فشاری خوێنیان هه‌بووه‌.

سدیق شه‌فیق دوای مه‌رگی ئازیزانی داوای خۆپارێزی له‌ هاوڵاتیان ده‌كات، وه‌ك ئه‌و وتی "پێشتر باوه‌ڕم به‌ كۆرۆنا نه‌بوو تا بینیمان كه‌سوكارمان توش بوو، بۆیه‌ تكایه‌ خۆتان بپارێزن".

ئه‌و خێزانه‌ گومانیان هه‌یه‌ سه‌ره‌تای گه‌یشتنی ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ رێی ئه‌ندامێكی خێزانه‌كه‌یانه‌وه‌ بێت كه‌ بۆ چاره‌سه‌ری پزیشكی پێشتر سه‌ردانی به‌غدای كردووه‌.

كۆی ژماره‌ی توشبوانی كۆرۆنا له‌ كه‌ركوك گه‌یشتۆته‌ هه‌زار و 43 كه‌س، له‌و ژماره‌یه‌ 328 كه‌س چاكبونه‌ته‌وه، 672 توشبوو چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن و 43 هاوڵاتی هه‌ڵگری 

ڤایرۆسه‌كه‌ش گیانیانله‌ده‌ستداوه.

سەباح نامیق، به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی گشتی له‌ فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك  وتی "ئێستا ڤایرۆسی كۆرۆنا لە زۆربەی شوێنەكانی شاره‌كه‌ بڵاوبۆته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی گیانیانله‌ده‌ستداوه‌ زۆرینه‌ ته‌مه‌نیان له‌سه‌رو 60 ساڵییه‌وه‌یه‌، له‌گه‌ڵ چه‌ند حاڵه‌تێكی ته‌مه‌ن 30 ساڵان بێ ئه‌وه‌ی هیچ نەخۆشییەكی دیكەیان هەبوبێت".

ژماره‌ی توشبوانی كۆرۆنا له‌ هه‌ڵكشاندایه‌ و له چه‌ند رۆژی رابردودا ته‌ندروستی كه‌ركوك نه‌خۆشخانه‌ی گشتی شاره‌كه‌ی بۆ چاره‌سه‌ری هه‌ڵگرانی ڤایرۆسه‌كه‌ ته‌رخانكرد.

سه‌باح نامیق رونیكرده‌وه‌ بڕیاریانداوه‌ توشبوانی كۆرۆنا كه‌ نیشانه‌كانی په‌تاكه‌یان به‌ سوكی تێدا ده‌ركه‌وتووه‌ و بارودۆخی ته‌ندروستییان جێگیره‌، له‌ ماڵه‌كانی خۆیاندا كه‌ره‌نتینه‌ بكرێن نه‌ك له‌ نه‌خۆشخانه‌، به‌ڵام رۆژانه‌ تیمه‌ ته‌ندروستییه‌كان له‌ ماڵه‌وه‌ سه‌ردانیان بكه‌ن و پشكنینیان بۆ بكه‌ن.

ژماره‌ی توشبوانی كۆرۆنا له‌ عیراق گه‌یشتۆته‌ 41 هه‌زار و 193 كه‌س، له‌و ژماره‌یه‌ 18 هه‌زار و 859 كه‌س چاكبونه‌ته‌وه‌، هه‌زار و 559 هاوڵاتی هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ش گیانیانله‌ده‌ستداوه‌.


Like it? Share with your friends!

Comments

كۆمێنت

Choose A Format
Personality quiz
Series of questions that intends to reveal something about the personality
Trivia quiz
Series of questions with right and wrong answers that intends to check knowledge
Poll
Voting to make decisions or determine opinions
Story
Formatted Text with Embeds and Visuals
List
The Classic Internet Listicles
Countdown
The Classic Internet Countdowns
Open List
Submit your own item and vote up for the best submission
Ranked List
Upvote or downvote to decide the best list item
Meme
Upload your own images to make custom memes
Video
Youtube, Vimeo or Vine Embeds
Audio
Soundcloud or Mixcloud Embeds
Image
Photo or GIF
Gif
GIF format