‘ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی، سەربەخۆیی دادگا، بوێریی و داداپەروەریی کۆمەڵایەتیی’، پەیامی سەرەکیی کاوە گەرمیانیی بوون و لەپێناویشیدا گیانی خۆی بەخشیی.

لە شەوێکی باراناویی زستانی ساڵی ٢٠١٣، ڕۆژنامەنووس کاوە ئەحمەد(کاوە گەرمیانی)، لە باوەشی دایکی دەرهێندرا و لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بێ هیچ ترس و دوو دڵییەک لە هێزە ئەمنییەکان، شەهیدکرا، ئەمڕۆش حەوت ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا تێدەپەڕێت.

کاوە گەرمیانی، سەرنووسەر و خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری ڕایەڵ بوو، بۆ چەند ڕۆژنامە، ماڵپەڕ و گۆڤاری دیکەش کاری کردووە، لە گۆڤارەکەیدا بەچڕیی کاری لەسەر دۆسیەی گەندەڵیی بەرپرسانی سنووری گەرمیان دەکرد، تا ساتی شەهیدکردنیشی، بەردەوامبووە لەسەر بڵاوکردنەوەی گۆڤارەکە و کۆتا ژمارەی گۆڤاری ڕایەڵ بەر لە شەهیدکردنی، ژمارە ۱٤ بووە.

کارکردن لەسەر دۆسییەکانی گەندەڵیی و داگیرکردنی موڵکی ماڵی گشتیی لەلایەن بەرپرسانەوە لە گەرمیان، کاوەیان بەرەو مەرگ ڕاپێچ کرد، بەر لە شەهیدکردنیشی، کاوە بە چالاکییەکانی و لەڕێگای میدیاکانەوە، ئەوەی ئاشکرا کرد.

ڕاپۆرتێک ژیانی کاوە و هاوڕێکانی دەخاتە مەترسییەوە

بەر لە شەهیدکردنی، کاوە گەرمیانی لە لێدوانێکیدا بۆ ڕادیۆی گەرمیان، باس لە سکاڵای ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەکات لەسەر ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەنووسیی، کە تایبەت بووە بە پرسی گەندەڵیی و داگیرکردنی موڵکی گشتیی، بەو هۆیەشەوە پێنج ڕۆژنامەنووسی گۆڤارەکەیان براونەتە بەردەم دادوەر، کاوە ڕاشیگەیاندبوو، دوای بڵاو بوونەوەی ڕاپۆرتەکە، بەرپرسەکە بڕی پێنج دەفتەر دۆلاری بە خاوەن موڵکەکە داوە، بۆ ئەوەی لەکاتی بانگکردنی دادگادا ئەوان بۆ شاهیدییدان ئامادە نەبن.

“هێزێکی دەمامک بەسەری ١٠ کەسیی پەلاماریان دام”

لە ڕاپۆرتێکی تایبەت بە کەناڵی سپێدە’دا، کاوە گەرمیانی باس لەو پێشیلکارییانە دەکات کە بەرامبەری کراون دەڵێت:”هێزێکی دەمامک بەسەر، هێزێکی میلیشیا پەلاماریاندام بە ١٠ نەفەرەوە، بەگوێرەی پشکنینی پزیشکی لوتم بە ڕێژەی لە ٤٠٪ شکێندراوە”، هەر لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە دەکات، کە حەوت جار پێشێلکاریی بەرامبەر ئەنجام دراوە و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەهۆی لێدانەوە لە نەخۆشخانە ماوەتەوە.

“جلی ڕەشم لەبەر کردووە بۆ پرسەی سیستمی دادوەریی ئەم وڵاتە کە سەربەخۆ نیە”

ساڵی ٢٠١١، کاوە گەرمیانی دژی نادادییەکانی دادگا لەبەردەم دادگایی بەرایی شارۆچکەی کەلار، دەستی بە مانگرتن کرد و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا داوای لە دادگای لێکۆڵینەوەی کەلار کرد، کە جەمال عەبدوڵا، سەرنووسەری ئەوکاتی گۆڤاری بەڵگە، ڕاپێچی دادگا بکات، کە بەوتەی کاوە گەرمیانی، ناوبراو دەستدرێژیی کردووەتە سەر ناوبانگ و کەسایەتی، دوای نزیکەی ساڵێکیش لە تۆمارکردنی سکاڵا و چەندین جار ئاگادارکردنەوەی و دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن، تۆمەتبارەکە نەچووەتە بەردەم دادگا، هەربۆیە وەک ناڕەزایەتییەک لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا وتی:”جلی ڕەشم لەبەر کردووە بۆ پرسەی سیستمی دادوەریی ئەم وڵاتە کە سەربەخۆ نییە”.

کۆڵ نەدانی کاوە و ترسی ئاشکرا بوونی گەندەڵیی بەرپرسان، دەرفەتیان بۆ کاوە نەڕەخساند تاکو ئامانجەکانی بەدی بهێنێت، لە شەوێکی باراناویی زستاندا، لەبەرواری ٥-١٢-٢٠١٣، دوای ئەوەی لە دەرگا دەدەن و دایکی کاوە دەرگاکە دەکاتەوە، پێی دەڵین، بانگی کاوەمان بۆ بکە، کاتێک کاوە دەچێتە دەرەوە، هەر لەبەردەم خانووە قوڕەکەی خۆیاندا لەلایەن چەند چەکدارێکەوە دەدرێتە بەر دەستڕێژی گولـلە و شەهید دەکرێت.

لە زاری ئازاد عوسمان، هاوڕێ و هاوپیشەی ڕۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی’ەوە، “پەیامی کاوە پەیامی هەموو ڕۆژنامەنوسێکی پرۆفیشناڵە، کە کارکردنە لەسەر ئەو بابەتانەی پێشێلکردنی مافی گشتیی تیایە، کاوە هەمیشە کاری لەسەر مەلەفەکانی گەندەڵی، بەهەدەردانی سامانی گشتیی و پێشێلکردنی مافی تاک و کۆمەڵ دەکرد، ئەمەش بووبووە هۆی ئەوەی نەیارێکی زۆر بۆخۆی پەیدا بکات و لەئەنجامیشدا تیرۆری بکەن”.

‘دەسەڵات لە پشتی گەندەڵییەوەیە’

کاروان ئەحمەد برای شەهید کاوە، ئاماژە بە ترسی دەسەڵات دەکات لە ئازادیی ڕۆژنامەگەریی، چونکە وەک ئەو باسی دەکات، ڕۆژنامەنووسی ئازاد گەندەڵیی بەرپرسان ئاشکرا دەکات، “بۆیە زۆر بە ئاسانیی و بەبێ ئەوەی ترسیان هەبێت ڕۆژنامەنوسان تیرۆر دەکەن و دەیانکەنە قوربانیی گەندەڵیی پێشێلکارییەکانیان”.

‘ویستی کاوە دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و گێڕانەوەی حەق بوو’

شیرین ئەمین’ هاوسەری کاوە گەرمیانی پێیوایە، خەباتی هاوسەرەکەی لەپێناو دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و گێڕانەوەی حەق’دا بووە، بۆیە دەسەڵات چاوی بە کارەکانیدا هەڵنەهاتوو چەندین ڕێگەی جیاوازی گرتە بەر بۆ بێدەنگ کردنی، بەڵام سوربوونی کاوە و کارکردنی لەسەر مەلەفەکانی گەندەڵیی، وایکرد بە تیرۆرکردن بێدەنگی بکەن.

کاوە تەمەنی تەنیا ٣٤ ساڵبوو، کە شەهید کرا، دوای ١٧ ڕۆژ لە شەهیدبوونی کاوە، منداڵەکەی لەدایکبوو لەسەر وەسێتی شەهید کاوەش ناونرا “ئامەد”، لەسەر کەیسی شەهیدکردنی باوکی ئامەد، تاوانبارێک سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندراوە و دادگا دۆسیەکەی داخست، بەڵام لای خانەوادەکەی و ئازادییخوازان دۆسیەکە بە کراوەیی ماوەتەوە و داوای بەسزاگەیاندنی تۆمەتباری سەرەکیی دەکەن، سەرەڕای ئەوەش گەندەڵییەکان وەک خۆیان ماونەتەوە و پێشێلکاریی بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان بەردەوامە.


Like it? Share with your friends!

Comments

كۆمێنت

Choose A Format
Personality quiz
Series of questions that intends to reveal something about the personality
Trivia quiz
Series of questions with right and wrong answers that intends to check knowledge
Poll
Voting to make decisions or determine opinions
Story
Formatted Text with Embeds and Visuals
List
The Classic Internet Listicles
Countdown
The Classic Internet Countdowns
Open List
Submit your own item and vote up for the best submission
Ranked List
Upvote or downvote to decide the best list item
Meme
Upload your own images to make custom memes
Video
Youtube, Vimeo or Vine Embeds
Audio
Soundcloud or Mixcloud Embeds
Image
Photo or GIF
Gif
GIF format