ستارشیپ ماوەی گەشتی نێوان نیویۆرک و هەولێر دەکاتە 45 خولەک..!!!.
لە ئێستادا کۆمپانیای سپەیس ئێکس بەچڕی کار لەسەر دروستکردن و پەرەپێدانی کەشتی ئاسمانی ستارشیپ دەکات و مانگی ڕابردوو توانی بۆ یەکەمجار کەشتییەکە بۆ بەرزی 12 کیلۆمەتر هەڵبدات.
کەشتییەکە ئامادە دەکرێت بۆ ناردنی مرۆڤ بۆ هەسارەی مەریخ و دەتوانێت لە هەر گەشتێکیدا 100 کەس بۆ هەسارە سوورەکە بگوازێتەوە.
جگە لەو ئامانجە، سپەیس ئێکس دەیەوێت کەشتییە ئاسمانییەکە بەکاربهێنێت بۆ گەشتی نێوان شارەکانی سەر ڕووی هەسارەی زەوی و بەو نیازەش دەیەوێت کەشتییەکە هێندە سەلامەت بێت کە بتوانێت جێگای فڕۆکە نەفەرهەڵگرەکان بگرێتەوە.
ئەم کەشتییە دەتوانێت بەیەکجار نزیکەی هەزار کەس لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر بگوازێتەوە و خێراییەکەشی ماوەی نێوان دوورترین شارەکان دەکاتە کەمتر لە کاتژمێرێک.
بەدەستبەکاربوونی کەشتییەکە، ماوەی گەشتی نێوان شاری نیویۆرک و شاری هەولێر دەبێتە نزیکەی 45 خولەک، لە کاتێکدا بە فڕۆکە نزیکەی 15 کاتژمێری پێدەچێت. ماوەی گەشتی نێوان لەندەن و هەولێریش دەبێتە نزیکەی 15 بۆ 20 خولەک.
لە ئێستادا کاری دروستکردنی کەشتییەکە زۆر بە خێرایی بەڕێوەدەچێت و ئێستا سپەیس ئێکس لە یەک کاتدا کار لەسەر دروستکردنی سێ نموونەی کەشتییەکە دەکات. هەرچەندە لەبەر لایەنی سەلامەتی، ڕەنگە تا چەند ساڵێکی تریش کۆمپانیاکە ئامادە نەبێت مرۆڤ لە گەشتەکانی ئەم کەشتییەدا بەکارهێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕوان دەکرێت ساڵی 2022 یەکەمین گەشتی کەشتییەکە لە شارێکەوە بۆ شارێکی تری هەسارەی زەوی بەبێ سەرنشین ئەنجامبدرێت.
سەرچاوە: VOANEWS – SpaceX – NASASpaceflight
گەردوون