2
2 shares, 2 points

ھەرکات بمانەوێت قسە لەسەر کێشە و پرسی گەلی کورد بکەین لە چوارچێوەی دەوڵەتی “ئێراق”، ناکرێت تەنھا و تەنھا قسە لەسەر کێشەکانی ئێستا بکەین و ڕابردووی کێشەکان و سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی “ئێراق” لەبیر بکەین، بۆ ئەوەی دراسەیەکی ورد و بابەتیانەی کێشەکە بکەین، دەبێت ئەم دەوڵەتەی ناوی ئێراقە باش بیناسین و داخوازی و ویستی “کورد” بەدرێژایی مێژووی پێکەوە گرێدراویان بناسین.

سەرچاوە مێژووییەکان پێمان دەڵێ؛ تا کۆتایی ھاتنی جەنگی یەکەمی جیھانی، دەوڵەتی ئێراق تەنھا لە ویلایەتەکانی (بەغدا و بەسرە) پێکھاتبوون، ھەرچی ویلایەتی موسڵیش بوو کە شارەکانی (موسڵ و ھەولێر و کەرکوک و سلێمانی) دەگرتەوە لەژێر حکومڕانی کوردەکان خۆیاندا بوون، بەڵام بەھۆی ئەو بارودۆخە سیاسی و ئابوورییەی لە جیھاندا ھاتە ئاراوە، بەھۆی جەنگی یەکەمی جیھانییەوە، دەوڵەتی بەریتانیا-ی زلھێزو براوەی جەنگ بڕیاری دامەزراندنی دەوڵەتی ئێراقیدا لەناوچەکە، بۆ ئەو مەبەستەش ھەرسێ ویلایەتەکانی (بەغدا و بەسرە و موسڵی) بە سنووری جوگرافی دەوڵەتەکە دیاری کرد. ھەربۆیە لە٢٣-١٠-١٩٢٠ بەسەرپەرشتی مەندوبی سامی بەریتانیا (پرسی کوکس) یەکەم ئەنجومەنی وەزیرانی ئێراق پێکھات و لە ساڵی ١٩٢١ یش میر فەیسەڵ کە بەڕەگەزیش ئێراقی نەبوو ( کوڕی حوسەینی شەریفی مەککە بوو ، لە نیسانی ١٩٢٠ لەسوریا  تاجی پاشایەتی لەسەرنا بەڵام فەڕەنسییەکان قبوڵیان نەبوو، لە دیمەشق وەدەریان نا) کرا بەمەلیکی ئێراق. ئەمە یەکەم ھەنگاوی دروستبوونی دەوڵەتێکە بەخواستی دەوڵەتانی زلھێز و حکومڕانی بێگانە. ھەرلەیەکەم ھەنگاوە و، پرسی کورد دەبێتە بابەتێکی جدی و دانیشتوانی ویلایەتی موسڵ کە زۆرینە کوردەکان بوون پاشایەتی فەیسەڵیان ڕەتکردەوە و داوای دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆیان بۆ کورد کرد، لەساڵی ١٩٢٢ شاندی دانوستاندن کاری کورد لەگەڵ ئێراق و بەریتانیا پێکھات و داخوازییەکانی گەلی کوردیان خستەڕوو کە گرنترینیان بە ڕەسمی ناساندنی سەربەخۆیی باشووری کوردستان و دیاریکردنی سنووری جوگرافی نێوان خاکی کوردستان و ئێراق و دروستکردنی ئەنجومەنی نەتەوەیی کوردستان و دیاریکردنی شێخ مەحمودی حەفید وەک مەلیکی کوردستان.

لەبەرامبەر ئەم داخوزایانەدا ھەردوو حکومەتی (بەریتانیا و ئێراق) بەجۆرێک نەرمیان نواند کە ڕازین گەلی کورد لەچوارچێوەی ئێراقدا حکومەتێکی کوردی پێکبھێنی و بۆ ئەو مەبەستەش بەیانێکی پێکەوەییان ئاڕاستەی (کۆمەڵەی نەتەوەکان) کرد لەبەرواری ٢٤-١١-١٩٢٢ و تیایدا دانیان بەمافەکانی گەلی کورد-دانا بوو لەناوچە زۆرینە کوردنشینەکان، بەڵام ئەم ھەوڵیستەیان نەچووە بواری جێبەجێکردن و ھەردوولا بە پلانێکی نێودەوڵەتی لەساڵی ١٩٢٥ بە فەڕمی ویلایەتی موسڵیشیان خستە سەر ئێراق و ھەر لەو ساڵدا و لە ٢١-٣-١٩٢٥ یەکەم دەستووری دەوڵەتی ئێراق بەناوی یاسای بنەڕەتی ئێراق دەرچوو کە کوردیشی لەسەرجەم مافە بنچینەییەکانی بێبەشکردبوو ویستی بەرژەوەند خوازی عەرەب و حکومەتی ئێراق لەپێناو بوون بە ئەندام لە کۆمەڵەی نەتەوەکان جارێکیتر وایکرد کە بەڵێنی پێدانی ئۆتۆنۆمی بەکوردەکان بدات، بەڵام ھەرلەگەڵ وەرگرتنیان لە ١٩٣٢ لە بەڵێنەش پاشگەزبوونەوە. ئەمەش بووە ھۆکارێکی گرنگ بۆ سەرھەڵدانی شۆڕشی چەکداری و سیاسی خەڵکی کوردستان.
ئیدی لێرەوە (حزبی ھیوا) لەساڵی ١٩٣٩ دروستبوو، ھەروەھا لە ١٩٤٣ شۆڕشی بارزانییەکان سەریھەڵدا و شۆڕشی کوردستان بە ڕێبەرایەتی مەلا مستەفای بارزان لەساڵی ١٩٤٤ نامەیەکی ئاراستەی حکومەتی “ئێراق” کرد کە چەند داواکارییەکی لەخۆگرتبوو، لەگرنگترینیان؛ پێکھێنانی ویلایەتی کوردستان بوو کە لیواکانی (کەرکوک و سلێمانی و ھەولێر و قەزاکوردییەکانی سەربەلیوای موسڵ و خانەقین و مەندەلی) دەگرتەوە، وەناساندنی زمانی کوردی بوو بە فەڕمی بۆ ویلایەتی کوردستان، بەڵام حکومەتی ئێراق ئامادەنەبوو وه‌ڵامی داخوازییەکانی شۆڕشی کوردستان بداتەوە. ھەڵوێستی عەرەبی ئێراقی بەگۆڕانی سیستەم و کەسایەتییەکان ھیچ گۆڕانێکی بەسەردانەھات، ھەربۆیە دەبینین دوای ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی لە ١٤ ی تەمموزی ١٩٥٨ و ڕاگەیاندنی سیستەمی کۆماریش یەکەم دەستووری کاتی سەردەمی کۆماری لە ٢٨ی تەمموزی ١٩٥٨ دەرچوو، لەگەڵ ئەوەی بارودۆخی سیاسی ئێراقی وەک خۆی ھێشتەوە دەوڵەتی ئێراقیشی وەک بەشێک لەنەتەوەی عەرەبی وەسف کردبوو. لەدوای گرتنە دەستی دەسەڵاتیش لەلایەن حزبی بەعس-ەوە لە تەمموزی ١٩٦٨، ئەوکات حزبی بەعس پێویستی بەکۆکردنەوەی زۆرترین لایەنگرو ڕازیکردنی نەیارەکانی بوو تا بتوانێت بەشێوەیەکی سەرکەوتوانە حکومڕای خۆی ئەنجام بدات، ھاوکات لەمەترسی گەلی کوردستانیش تێگەشتبوو کە سوورن لەسەر داخوازییە ڕەواکانیان بۆیە بۆ ھێورکردنەوەی دۆخی سیاسی ناوچەکە و سەقامگیری دەسەڵاتەکانی ھەندێک ڕێکاری سیاسی و فەرھەنگی گرتەبەر بۆ ڕازیکردنی دڵی کوردەکان بۆنمونە دامەزراندنی زانکۆی سلێمانی و کۆڕی زانیاری کورد و ناساندنی جەژنی نەورۆز وەک جەژنی نەتەوەیی کورد. ئەم ھەنگاوانەی حزبی بەعس پەرەی سەند تا کار گەیشتە ئەوەی کە بوار بۆ دانوستاندن بدات لەگەڵ بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد، دانوستاندن چەند قۆناغێکی بەخۆیەوە بینی و گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە بەیاننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ ھاتەبوون لەسەر بنەمای دەستەبەرکردنی مافی ئۆتۆنۆمی بۆ “گەلی کوردستان” لەچوارچێوەی دەوڵەتی ئێراقی یەکگرتوودا، جێگای خۆیەتی بڵێین؛ لەمێژووی خەباتی نەتەوەیی گەلی کورد دا تا ئەوکات ئەم ڕێککەوتننامەیە مەزنترین دەسکەوت بوو، کە دەبوو لەماوەی چوارساڵدا سەرجەم بەندەکانی جێبەجێبکرێت کە گرنگترینی دیاریکردنی سنووری جوگرافی نێوان خاکی کوردستان و ئێراق بوو، دیسان ئەمجارەش لەگەڵ سەقامگیربوونی پێگە و بەھێزبوونی حزبی بەعس لە ئێراق، ووردە ووردە کات بەڕێکرا و ڕێکەوتننامەکە فەرامۆش کرا، بۆیە لەساڵی ١٩٧٣جارێکیتر سەرکردایەتی سیاسی کورد داخوازییەکانی گەلی کورد و جەخت کردنەوە لە بەیاننامەی ١١ی ئازاری ئاراستەی حکومەتی ئەو کاتی ئێراق کردەوە، بەڵام حکومەتی ئێراق ھیچ وەڵامێکی نەدانەوە، ھەموو ھەوڵ ناوخۆیی و دەرەکییەکانی خستە گەڕ بۆ سەرکوتکردنی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازنەی نەتەوەی کورد و لە ٦ ی ئازاری ١٩٧٥ ڕێکكەوتننامەی شوومی جەزائیر-ی مۆرکرد کە ئامانجی سەرەکی سڕینەوەی ناسنامەی کوردبوو لەسەر خاکی خۆی.
ھەربۆیە نەتەوەی کورد زوو ھەستی بە مەترسییەکانی سیاسەتەکانی حزبی بەعس کرد و شۆڕشی نوێی گەلەکەمان سەریھەڵدایەوە، نیەتی عەرەبی شۆڤێنیش ڕۆژبەڕۆژ بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و نەمانی گەلی کوردستان تا دەھات زیاتر خۆی دەرخست تا گەیشتە ئەوەی دەستیکرد بە ڕاگواستن و، وەدەرنانی چالاکوانانی سیاسی و گرتن و بێسەر و شوێنکردنیان و دورخستنه‌وەی زیاتر لە ٣٠٠٠ کوردی فەیلی لەماوەی ساڵانی ١٩٧٠-١٩٨٨ و ئەنفالکردنی نزیکەی ٨٠٠٠ ماڵباتی سیڤیلی بارزانی و جینۆسایدی زیاتر لە ٥٠٠٠ ھاوڵاتی و دانیشتوی شاری ھەڵه‌بجە بە چەکی کیمیایی و ئەنفالکردنی نزیکەی ١٨٢٠٠٠ ھاوڵاتی بەچەند قۆناغێک بەناوی شاڵاوی بەدناوی ئەنفال و ھەوەھا خاپوورکردنی زیاتر لە ٤٥٠٠ گوندی کوردستان و راگواستنی دلنیشتوانەکەی بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان، ئەم سیاسەتە وەحشیگەرانەیەی حزبی بەعس ڕقی پیرۆزی خەڵکی کوردستانی تا دەھات زیاتر بڵێسەدەدا لەگەڵ ئەوەشدا ھەموو ئەو ھۆکارە دەرەکییانەی کە بەسەر ناوچەکە و جیھاندا ھاتن، بوونە پاڵپشتی بەھێزی شۆڕشی نوێ و دەرەنجام بەڕاپەڕینی بەھاری ١٩٩١ ی لێکەوتەوە وسەرجەم ناوچەکوردستانیەکان بەکەرکوکیشەوە لەدەسەڵاتی حزبی بەعس پاک کرایەوە .بەڵام زۆری نەبرد کە سوپای ئێراق دەستی گرتەوە بەسەر سەرجەم ناوچەکانی کوردستاندا ئەمەش وایکرد لە ریفراندۆمێکی گشتگیردا سەرجەم دانیشتوانی کوردستان بەھەموو تەمەن و ڕەگەزە جیاوازەکانەوە بڕیاری کۆچی بەکۆمەڵ درا، ئەم رەتکردنەوە بەکۆمەڵەی خەڵکی کوردستان ھەر زوو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ھێنیایە سەرخەت و لەژێر ڕۆشنایی بڕیاری ٦٨٨ ی ئەنجومەنی ئاسایش-ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە تایبەت بوو بەگەڕانەوەی ئاشتی و ئاسایش بۆناوچەکە لە ٢٦-١٠-١٩٩١ ھێزەکانی ئێراقی کشانەوە و خەڵکی کوردستان و ھێزەکانی پێشمەرگە گەڕانەوە کوردستان و یەکەم ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستانیان لە ١٩-٥-١٩٩٢ ئەنجامدا، وەک رێگا چارەیەکیش بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە ئێراق لە ٤-١٠-١٩٩٢ ڕاگەیاندنی فیدراڵیان دەکرد.
لێرە بەدواوە تا ساڵی ٢٠٠٣ سەرکردایەتی کورد وەک حکومەتێکی دیفاکتۆ لەچوارچێوەی ئێراقدا پراکتیزەی مافەکانی خۆیدەکرد، بەڵام ڕووداوەکانی یانزەی سێبتێمبەر و ھێماکانی گۆڕانکاری گرنگی جیھانی ھەر زوو بڕیاری جەنگی دژە تیرۆر ڕۆژگاری حزبی بەعسی بەرەو ئاوابوون برد، پلانی ڕووخانی ڕژێمی ئێراق و دامەزراندنەوەی ئێراقی نوێ ھاتە ئاراوە بۆیە ساڵی ٢٠٠٢ لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا ھێزە بەرھەڵستارە ئێراقییەکان بەبەشداری کارایانەی ھێزە کوردیەکان و ھێزەکانی ھاوپەیمانان بەستراو تیایدا کورد سووربوو لەسەر چارەسەری پرسەکەی وەک ڕێگاچارە پێشنیازی سیستەمی فیدراڵی لەم کۆنگرەیەدا بڕیاری لێدرا. بینیمان ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە ٢٠-٣-٢٠٠٣ لە ژێرناوی پرۆسەی ئازادی ئێراق ھەڵمەتی سەربازی دەستپێکرد بۆسەر دەسەڵاتەکانی حزبی بەعس و لە ٩-٤-٢٠٠٣ شکست و ڕووخانی ڕژێمی ئێراق ڕاگەیەنرا، ئیدی لێرە بەدواوە ئێراق و پرسی کورد قۆناغێکی تری گرنگی بەخۆیەوە بینی .قۆناغی بەیاسایی کردنی مافەکانی “گەلی کورد” بوو بە بەشێک لەخەباتی گەلی کوردستان، بۆیە بەشداری کارایانەی کرد لە بونیادنانەوەی ئێراق و نووسینەوەی دەستووری ھەمیشەیی ئێراق و دەرچونی ئەم دەستوورە بەنیەتی ئەوەی ئایندەیەکی گەش و سەقامگیر بۆسەرجەم گەلانی ئێراق دەستەبەر بێت ھەر بۆیە بەپێی ئەم دەستوورەی کە دەنگی لە سەدا ٩٨ی ئێراقییەکان بەکوردیشەوە بە دەستھێنا وەک ئێراقی وەک دەوڵەتێکی دیموکراتی فیدراڵی نوێنەرایەتی پێناسەکرد.ئەگەر بە ووردی سەرنجی بەندو مادەکانی دەستووری ئێراقی ٢٠٠٥ بدەین لەزۆربەی ڕووەکان و بە زۆربەی پێوەرەکان باشترین دەستوورە لە ئێراقدا بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە مافەکانی گەلی کوردەوە سەرەڕای تێبینیەکانمان، بەڵام ھەمیشە دەڵێن؛ حیکمەت لە جێبەجێکردنی یاسایە و نیەتی ڕاستەقینەش لە دەرچوونی یاسا و دەستوور لە جێبەجێکردنیدا بەدەردەکەوێت، بەڵام کات زۆری نەبرد ھەرئەوەندەی باری لاری ئێراق ھاتەوە ڕاستە و ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی دوێنێ ھاوپەیمانی کورد بوون، ئێمەی کوردیش لەوەھمی برایەتی کورد و عەرەب و یەکپارچەیی خاکی ئێراقدابووین بڕگە بڕگەی ئەم دەستوورەی ھەموان بەشداربوین تیایدا کەوتە بە ڕەحمی مەزھەبگەرایی و زۆرینە و کەمینە، ئەمە بەڕوونی لەسەردەمی دەسەڵاتی “نوری مالیکی” لە شوباتی ٢٠١٤ وەک سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان و پەرچەکرداری ئابووری سەربەخۆی حکومەتی کوردستان بە بڕیاری سەرۆک وەزیران بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان لە ئێراقی فیدراڵی تەوافوقی و شەراکەت بڕدرا و تائێستاش ئەم سیاسەتە درێژەی ھەیە. ئەمە جگە لەوەی وودرە ووردە بە ڕوونی سەرجەم ئاماژەکانی قۆڕخکردنی دەسەڵات لە دەستی حزبە شیعیەکانی ئێراق نیشانەکانی بەدەردەکەون ھەرچی ئەو ماددە دەستووریانەشە کە لەبەرژەوەندی گەلی کوردە جێبەجێکردنیان فەرامۆشکراوە، لەوانەش کارکردنە بە پرەنسیپی زۆرینەو کەمینە کە بەتەواوی پێچەوانەی مادەی یەکەمی دەستوورە، کە ئێراقی وەک دەوڵەتێکی فیدراڵی پێناسەکردووە، کە بنەمای دامەزراندنی دەوڵەتی فیدراڵیش مەبدەئی تەوافوقە. کارنەکردنە بەیاسای زمانە فەرمییەکان تەنانەت لەو ناوچانەشی زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن کە بنەمای دەستووری ھەیە و لەماددەی ٤ ی ئەم دەستوورە زمانی کوردیش لەپاڵ زمانی عەرەبیدا زمانی فەرمیە. کارنەکردن بە پرەنسیپی شەراکەت و بەشداریپێکردن، بەتایبەت بەشداریکردنی ڕاستەقینەی ڕێژەی کورد لەڕیزی سوپای ئێراق و دان-نەنان بەھێزی پێشمەرگەی کوردستان و نەدانی شایستە داراییەکانیان.
لەگەڵ ئەوەی ھیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت نکۆڵی لە قوربانییەکانی گەلی کورد بکات لەماوەی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی ئێراق بەڵام حكومەتی ئێراق و دەسەڵاتدارانی ئێراق تا ئێستا ئامادە نین شایستەی دارایی کەس و کاری سەربەرزی شەھیدان و زیندانیانی سیاسی و ئەنفال و کیمیابارانی ھەڵەبجە بدات و قەرەبووی ناوچە زیانکەوتووەکانی سەردەمی ڕژێمی فاشیست بکاتەوە، ھەرچی پەیوەندی بەخاکی کوردستان و ناوچە داگیرکراوەکانییەوەیەتی کە لەماددەی ١٤٠ دا میکانیزمی چارەسەری دیاریکراوە وەک ماددەیەکی مردوو حسابی بۆدەکەن، لەھەموو ئەمانەش گرنگتر دوای پانزە ساڵ تێپەڕبوون بەسەر دەرچوونی دەستووری ئێراقی فیدراڵدا تێدەپەڕێت تا ئیستا ئەنجومەنی ھەرێمەکان کە بەشێکە لە دەسەڵاتی یاسادانانی فیدراڵی دانەمەزراوە لەکاتێکدا گرنگترن ئە خاسیەتانەی کە سیستەمی فیدراڵی لە سیستەمەکانی تری پێ جیادەکرێتەوە دووانەیی دەسەڵاتی یاسا دانانە، ھەروەھا مەیلی قۆرخکاری دەسەڵاتدارانی ئێراق لەدەستی ناوەند-دا وایکردووە تا ئێستا بوار نەبێت بۆ دروستبوونی ھیچ ھەرێمێکی تر جگە لەھەرێمی کوردستان، ھەموو ئەو ھەنگاو و ئاماژانەی لەسەرەتای دروسبوونی دەوڵەتی ئێراقەوە تا ئەمڕۆ بینیمان،  زۆر بەڕوونی و ئاشکرایی پێمان دەڵێ؛ نە لە ڕابردوو و نه‌ ئێستا بەدڵنیایش بۆ داھاتوو، عەرەب لە ئێراق بە ھەردوو مەزھەبی شیعە و سوننەشەوە نەک برای کورد نین تانانەت دۆست و شەریکێکی ڕاستگۆش نەبون و نابن، ھەرکات ئەوان لایەنی لاوازی کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بوبن بۆ پارسەنگی ھێزی خۆیان ھەنگاویان بەرەوڕووی داخوازییەکانی کوردناوە، بەنەمانی مەترسیش سڕینەوەی ناسنامەی کورد لەسەرخاکی پیرۆزی خۆی بژاردەی یەکەم بووە لە ژێرھەرناو و سیاسەتێکدا بوبێت، بۆیە زۆر گرنگە ئەگەر دەسەڵاتدرانی ئێراقیش سەرجەم کێشەکانمان لە بابەتی مووچە و نەوتدا کورت بکەنەوە ئێمە دونیا بینیمان دوور مەودا تربێت، ئەمە سەرەتای ھەنگاوی یەکەمی بچوککردنەوە و نەمانی ئەم قەوارەیە یە کە دەیان و سەدان ھەزار شەھید قوربانیمان بۆی داوە بە پیلانی دەرەکی و ناوخۆیی، کە پێشبینییەکی چاوەڕوانکراوە لە داھاتوویەکی نزیکدا پرۆژەی ھەمواری دەستووری ئێراق و ھەڵوەشاندنەوەی سیستەمی فیدراڵی نەبێتە بابەتی جدی و بەزۆرینە تێنەپەڕێنرێت. لێرەدا؛ چیتر کاتی ئەوە ھاتووە ھەستکردن بە مەترسیەکان جدیتربن و ھەمووان دان بەو راستییەدا بنێین کە پرسی کورد لە ئێراق پرسی، بوون و نەبوونە، پرسی خاکە، پرسی زمان و ناسنامەیە، ئەمەش ھەنگاوی جدی دەوێت، تا بەرامبەر کاریگەرییەکانی ئەو سیاسەتانە بوەستین کە دەیەوێت ھەموو ئەمانەی سەد ساڵە خەبات بۆ پاراستنی کراوە بیپارێزین لە پاڵیدا مانەوە و پاراستنی قەوارەی سیاسی و دەستوری ھەرێمی کوردستان واجبی حەتمیە .
بۆیە دەبێت ھەرچی زووە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بەپێی قەوارەی خۆیان خاوەندارێتی دۆخەکە بگرنە ئەستۆ و ھەموو ناکۆکی و گرژییەکانی نێوانیان بخەنە لاوە یەکڕیز بن زەوتنەکردنی مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان، ھاوکات ھێزە دەسەڵاتدرو حوکمڕانەکانی کوردستان بە ئیرادەیەکی سیاسی بەھێزە وە بڕیاری چاکسازی گشتی بدەن ھەروەک چۆن لەکابینەی ھەشتەمی حکومەتی ھەرێم پرۆژەیاسای چاکسازی لەوەزیفەی گشتی بوو بەخەمی گرنگی حکومەت و خۆشبەختانە کابینەی نۆیەمیش کارەکەی بە ھاوکاری پەرلەمانی کوردستان تەواوکرد و یاساکە دەرچوو قۆناغ بە قۆناغ لە جێبەجێکردن دان ئاواش ئەمجارە لەسەرجەم سێکتەرەکاندا چاکسازی گشتی ڕابگەیەنن و ھەوڵی باشکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک و دابین کردنی قوتی خەڵک و ھەژاری و کەمی خزمەتگوزاری لەخەمی یەکەمیان بێت، لە پاڵ ھەموو ئەمانەشدا بۆ چارەسەری ڕیشەیی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان پێشنیازی دامەزراندنی کۆمسیۆنێکی باڵای دانوستاندن دەخەینە ڕوو؛ کە لە كه‌سانی خاوەن بڕیاری سیاسی و شارەزای دەستوور و پشوو درێژبن لەگەڵ پرۆسەی دانوستاندن تا بەردەوامی بدەن بە دانوستاندنی درێژخایەن بۆ جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان وە داوا لە لایەنی ھەرێمی و نێودەوڵەتیش بکرێت چاودێری جدی پرۆسەی دانوستاندنەکان بن .

تانیا تاهیر


Like it? Share with your friends!

2
2 shares, 2 points

Comments

كۆمێنت

Choose A Format
Personality quiz
Series of questions that intends to reveal something about the personality
Trivia quiz
Series of questions with right and wrong answers that intends to check knowledge
Poll
Voting to make decisions or determine opinions
Story
Formatted Text with Embeds and Visuals
List
The Classic Internet Listicles
Countdown
The Classic Internet Countdowns
Open List
Submit your own item and vote up for the best submission
Ranked List
Upvote or downvote to decide the best list item
Meme
Upload your own images to make custom memes
Video
Youtube, Vimeo or Vine Embeds
Audio
Soundcloud or Mixcloud Embeds
Image
Photo or GIF
Gif
GIF format