چیتر تۆ تەنیا نیت..
چیتر تۆ تەنیا نیت، منیش بەشداری غەمتم، هەڵگری چمکێکی ئەو بارە قورسەم کەساڵانێکە تاقوتەنیا داوتە بەکۆڵتا، هاوبەشی ئەو ژەمە غەمەم کەڕۆژانە دەیان جار دەیخۆی، چیتر تۆ تەنیا نیت و منیش هاوغەمی بێ ئۆقرەیتم، لەمڕۆ بەدوواوە وەک سێبەر بەشوێنتەوەم، لەهەر کوێیەک پێت هەڵکەوت بۆت دەبمە گۆچان، لەهەرشوێنێک وتت ئاخ دەڵێم گیان، ئیتر تۆ تەنیا نیت، لەهەرشوێنێ پێویستت بەدەمەتەقێ بوو بۆت دەبمە حیکایەت، لەهەرکوێیەک پێویستت بەبەڵگە بوو بۆت دەبمە شایەت، لەگەڵتم، هاوبەشی غەمە موزمینەکانتم، دڵگرانم کەدەتبینم ئەرشیفی نەهامەتییەکانی ئێمەت هەڵگرتووە، لەجیاتیمان بووی بەداری ئازارو هەزاران گەڵای غەمت گرتووە، چیتر تۆ تەنیا نیت، منیش غەمخۆرێکی تۆم، هاوڕێی هەنگاوەکانتم، چیتر ناهێڵم شەوانی بێداریت لەسەر ئەسکڵی مەراق بسوتێی، دەبمە ئەستێرەیەک ئاسمانی خەیاڵت ڕووناک دەکەمەوە، هەزارو یەک سرودو گۆرانیت بۆ دەڵێم، وەک مۆم بۆت دەسوتێم، هەزار بەربەستم بۆ دروستکەن هەردێم، چیتر تۆ تەنیا نیت، من لەگەڵتم و ناڕۆم، چونکە تۆ منی و منیش تۆم.