ماڵپه‌ڕی ناشناڵ ئنتێرستی ئه‌مه‌ریكی بابه‌تێكی له‌باره‌ی كاریگه‌ری به‌ ئه‌لیكترۆنی سیسته‌می بانكی و پێشخستنی سیسته‌می بانكداری له‌ عێراق بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ و به‌ دوای ئه‌گه‌ری پێشڤه‌چوونی سیسته‌می ئابووری عێراق گه‌ڕاوه‌، له‌ دوای به‌هێزكردنی سیسته‌می بانكداری عێراق و به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر دۆخی ئابووری ئێسته‌ی عێراق.

دوای 18 ساڵ له‌ هێرشی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كان بۆ سه‌ر عێراق و ڕووخاندنی ڕژێمی به‌عس، بڕیاره‌ له‌ یه‌كی ئایار/مایۆی ئه‌مساڵ بانكی بازرگانی عێراق به‌ فه‌رمی ئه‌پلیكه‌یشنێك ڕابگه‌یه‌نێت و خزمه‌تگوزاری دراو و دابه‌شكردن و مامه‌ڵه‌ پێوه‌كردنی به‌ ته‌كنه‌لۆجیا و مۆبایله‌ زیره‌كه‌كان ببه‌ستێته‌وه‌، به‌ به‌راورد به‌ زۆربه‌ی وڵاتانی دنیا ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی زۆر سه‌ره‌تاییه‌ بۆ پێشخستنی سیسته‌می ئابووری و بانكداری، به‌ڵام بۆ عێراق ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی گرنگ و نوێیه‌.

له‌ ساڵانی ڕابردوو به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌نگاو نه‌نراوه‌ و بیریش له‌ به‌ ئه‌لیكترۆنی سیسته‌می بانكی له‌ عێراق نه‌كراوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌یش به‌هۆی نه‌بوونی ژێرخانێكی پێویست له‌و بواره‌، جیا له‌وه‌یش به‌هۆی گه‌نده‌ڵی كه‌ ته‌واوی عێراقی ته‌نیوه‌، هه‌رگیز هه‌نگاوێكی ژیرانه‌ نه‌بووه‌ كه‌ بیر له‌ خستنه‌ڕووی خزمه‌تگوزاری له‌م چه‌شنه‌ بكرێته‌وه‌.

ئێسته‌ وڵاته‌كه‌ له‌به‌رده‌م هه‌ره‌سی ئابووریدایه‌ و زۆر ڕێوشوێنیشی بۆ ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی گرتووه‌ته‌به‌ر، ئه‌مه‌یش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ عێراق به‌ یه‌كێك له‌ هه‌ره‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین وڵاته‌كانی دنیا داده‌نرێت، به‌هۆی بوونی زۆرترین یه‌ده‌گی سامانی سروشتی له‌و وڵاته‌، پێش هێرشی به‌عس بۆ سه‌ر كوێت، عێراق وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و پێشكه‌وتوو و خاوه‌ن ئابوورییه‌كی به‌هێز بوو، به‌ڵام به‌ هێرشكردنی سه‌دام بۆ سه‌ر كوێت، هه‌ره‌سی ئابووری عێراق له‌وكاته‌وه‌ ده‌ستی پێكرد و تا ئێسته‌یش به‌رده‌وامی هه‌یه‌.

ژێرخانی بانكینكی ئۆنلاین له‌ عێراق نییه‌ و خه‌ڵكیش متمانه‌یان به‌ بانكه‌كان نییه‌

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ دوای 2003ه‌وه‌ ئازادی له‌ وڵاته‌كه‌ بڵاوبووه‌وه‌ و پێشڤه‌چوونی گه‌وره‌ له‌سه‌رجه‌م بواره‌كان ده‌ستی پێكرد، كه‌ یه‌كێك له‌و بوارانه‌یش بریتی بوو له‌ هاتن و كردنه‌وه‌ی چه‌ندان بانكی جیا جیا له‌ شاره‌ جیا جیاكانی عێراق، به‌ڵام به‌ گوێره‌ی به‌ دواداچوونه‌كان تا ئێسته‌ خه‌ڵكی عێراق متمانه‌یان به‌ بانكه‌كان نییه‌ و به‌ ته‌واوی دژی ئه‌وه‌ن كه‌ هه‌ژماری بانكی بكه‌نه‌وه‌ و پاره‌كانیانی لێ دابنێن.

ئاماره‌كان ئه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ ڕوو كه‌ له‌ ته‌واوی عێراق ته‌نیا 20%ی دانیشتووانی هه‌ژماری بانكیان هه‌یه‌، ئه‌میش بۆ كاتی پێویست و مامه‌ڵه‌كردنێك دروستیان كردووه‌ و دواتر په‌راوێزیان خستووه‌ و مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ ناكه‌ن. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ زیاتر له‌ 70 بانكی گه‌وره‌ له‌ عێراق بوونیان هه‌یه‌ و زۆربه‌یشیان لقیان له‌ پارێزگه‌كانی تری عێراق هه‌یه‌، له‌ سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ بانكه‌ حكوومییه‌كانی ڕافیده‌ین و ره‌شید و بانكی بازرگانی عێراقن كه‌ ڕێژه‌ی 85%ی مامه‌ڵه‌ی بانكی له‌ عێراق له‌لایه‌ن ئه‌و سێ بانكه‌ ئه‌نجام ده‌درێت.

له‌ نێو بانكه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش یه‌كێك له‌ به‌ناوبانگترین بانكه‌كانی جیهان كه‌ بریتییه‌ له‌ بانكی ستانده‌رد چارترد لقی له‌ عێراق هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ زیاتر بۆ كارئاسانی وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی له‌ عێراق كار ده‌كات و هێنده‌ پێوه‌ست نییه‌ به‌ مامه‌ڵه‌ی خه‌ڵكی ئاسایی، له‌ ساڵی 2019یش كۆمپانیای ئینته‌رناشناڵ سمارت كارد كه‌ كۆمپانیایه‌كی ناوخۆیی عێراقه‌ گرێبه‌ستێكی برده‌وه‌ بۆ دروستكردنی كارتی زیره‌ك و بیۆمه‌تری تا مووچه‌ی كارمه‌ندانی عێراقی پێ دابه‌ش بكرێت، داوا له‌و كۆمپانیایه‌ كراوه‌ كه‌ زیاتر له‌ حه‌وت ملیۆن كارتی بانكی دروست بكات، به‌ڵام ئه‌مه‌یش سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌.

هاوكات وڵاتانی جیهانیش هۆكارن بۆ دواكه‌وتوویی كه‌رتی بانكداری له‌ عێراق و زۆربه‌یان بانكه‌كانی عێراقیان خستووه‌ته‌ لیستی ڕه‌ش و گوماناوییه‌وه‌، ته‌نانه‌ت بانكی ناوه‌ندی عێراق كه‌ گه‌وره‌ترین و گرنگترین بانكی حكوومییه‌ له‌ عێراق و سیاسه‌تی دارایی وڵات داده‌ڕێژێت، له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ڕووی كوالێتی و به‌هێزی و باشییه‌وه‌ له‌ ڕیزبه‌ندی 186ه‌مین بانكی ناوه‌ندی له‌ كۆی 190 بانكی ناوه‌ندی وڵاتانی جیهان هه‌ژمار كراوه‌.

قۆرخكاری و ئاڵۆزی زۆریش له‌ كه‌رتی بانكی هه‌یه‌ و له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوویش چه‌ندان بانكی عێراقی مایه‌پووچبوونی خۆیان ڕاگه‌یاند، به‌هۆی نه‌بوونی یاسا و ڕێسایش بانكه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ناوێرن بچنه‌ عێراقه‌وه‌، چونكه‌ ده‌ست به‌سه‌ر سامانه‌كانیان ده‌گیرێ و هیچ یاسایه‌كیش نییه‌ كه‌ پشتیوانیان بكات و مافیان ده‌سته‌به‌ر بكات و بیانپارێزێت.

بانكی بازرگانی عێراق به‌ فه‌رمی خزمه‌تگوزاری بانكداری ئۆنلاین له‌ ڕێی ئه‌پلیكه‌یشنه‌وه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نێت

به‌ دڵنیاییه‌وه‌ نه‌بوونی سیسته‌مێكی بانكداری پێشكه‌وتوو كۆسپ و له‌مپه‌رێكی گه‌وره‌یه‌ له‌به‌رده‌م پێشڤه‌چوونی هه‌موو وڵاتێك و كاریگه‌ری یه‌كجار گه‌وره‌ی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی چاكسازی و نوێخوازی هه‌یه‌، چونكه‌ ئیتر سه‌رچاوه‌كانی داهات دیار ده‌بن و پاره‌ی كاش بووه‌ته‌ هۆی شاردنه‌وه‌ی زۆرترین تاوان و گه‌وره‌ترین گه‌نده‌ڵی له‌ عێراق.

یه‌كێكی تریش له‌و هۆكارانه‌ی كه‌ وایكردووه‌ سیسته‌می بانكداری له‌ عێراق پێش نه‌كه‌وێ، بێمتمانه‌یی خه‌ڵكه‌، به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاو و ستراتیجه‌ نوێیه‌ی هه‌وڵی گرتنه‌به‌ری ده‌درێت، بریتییه‌ له‌ دروستكردنی ئه‌پلیكه‌یشن و كارتی ئه‌لیكترۆنی كه‌ له‌ ڕێی مۆبایله‌كانه‌وه‌ كار بكات، چونكه‌ عێراقییه‌كان متمانه‌یان به‌ كۆمپانیاكانی پێوه‌ندیكردن و مۆبایل لا دروست بووه‌ و زۆربه‌یان به‌كارهێنه‌رین.

به‌ گوێره‌ی ئامارێكی ساڵی 2019 زیاتر له‌ 95% عێراقییه‌كان مۆبایلیان هه‌یه‌ و به‌ به‌رده‌وامی به‌كاری ده‌هێنن، كه‌ ئه‌مه‌یش زۆرتره‌ له‌ ڕێژه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ كه‌نه‌دا مۆبایل به‌كارده‌هێنن. به‌كارهێنانی مۆبایل و پێوه‌ستكردنی به‌ سیسته‌می بانكداری ئۆنلاین بیرۆكه‌یه‌كی ژیر و ستراتیجییه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پێشڤه‌چوونی گه‌وره‌ له‌و ڕووه‌وه‌ بێته‌ دی و بانكی بازرگانی عێراقیش به‌ چڕی خه‌ریكی كاركردنه‌ بۆ خستنه‌كاری خزمه‌تگوزاری بانكداری به‌شێوه‌ی ئۆنلاین، ئه‌مه‌یش چاوه‌ڕوان ده‌كرێ كه‌ كاردانه‌وه‌ی زۆر و گه‌وره‌ی به‌سه‌ر ئابووری وڵاته‌كه‌وه‌ هه‌بێ و پێشڤه‌چوون له‌ ئابووری و بواره‌كانی تری ژیانیش دروست بكات.

باز ئه‌حمه‌د


Like it? Share with your friends!

Comments

كۆمێنت

Choose A Format
Personality quiz
Series of questions that intends to reveal something about the personality
Trivia quiz
Series of questions with right and wrong answers that intends to check knowledge
Poll
Voting to make decisions or determine opinions
Story
Formatted Text with Embeds and Visuals
List
The Classic Internet Listicles
Countdown
The Classic Internet Countdowns
Open List
Submit your own item and vote up for the best submission
Ranked List
Upvote or downvote to decide the best list item
Meme
Upload your own images to make custom memes
Video
Youtube, Vimeo or Vine Embeds
Audio
Soundcloud or Mixcloud Embeds
Image
Photo or GIF
Gif
GIF format