(بڵاوکردنەوەی زانیاری گرنگترین بنەمای هاوڕێیەتیە، چونکە ئەمە ئەو ڕێگایەیە کە شتێک دەبەخشیت و هیچ لەدەست نادەیت) لەڕاستیدا ئەمە یەکێکە لە وتەکانی بەڕێز (ڕیچارد ستاڵمان) کە هەمیشە لە بیرمدایە و هەوڵ دەدەم کاری پێ بکەم، ئەوەی لێرە ئێمە دەیکەین، بریتیە لە بڵاوکردنەوەی ئەو شەپۆلانە کە هێزی خۆشەویستی سەرچاوە کراوە پێمان دەبەخشێت، لەلای منئێمە بابەتەکە تەنها بریتی نییە لەوەی کە بابەتی زانستی و هۆشیاری بڵاوبکەینەوە، بەڵکو لەڕاستیدا کارکردن و هەوڵی بەردەواممان زۆر چێژبەخشە و بەدیهێنەری هیوایەکی نەبڕاوەیە لە ناخماندا، لەم بابەتەدا فێردەبین کە بڵۆگبڵاگ چییە و چۆن سەریهەڵدا و چۆنیش ببینە بڵاگەرێکی سەرکەوتوو، ئەمەیە کە دەیزانم و پێشکەشی دەکەم، تا ببێتە مایەی فراوانکردنی بازنە زانستییەکەمان، لە خوێنەر و نووسەر و پەخشەر.

لەم بابەتەدا چی فێردەبیت؟

١. بڵاگ چییە؟ مێژووی سەرهەڵدانی بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟
٢. بۆچی دەبێت گرنگی بە بڵاگ بدەین؟
٣. بەربڵاوترین ماڵپەڕەکانی ئێستا کامانەن؟
٤. چۆن دەست بکەین بە بڵاگ؟
٥. جۆرەکانی بڵاگ کامانەن؟
٦. تیۆری AIDA چییە؟
٧. SEO چییە؟ چۆن ماڵپەڕەکەت پێش دەخەیت؟
٨. بازاڕگەریی پۆستی ئەلیکترۆنی و ROI چیین؟
٩. ئایا لە کوردستان و عێراق بڵاگ دەبێتە سەرچاوەی داهاتی ژیان؟

بڵاگ چییە؟ مێژووی سەرهەڵدانی بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟

کاتێک باسی بڵاگ یاخوود ماڵپەڕی تاکەکەسی کرا، نابێت ئەو کەسەمان لە یاد بچێت بەناوی (جەستن هۆڵ) کە ساڵی ١٩٧٤ لەدایکبووە و بە پێشڕەوڕابەری بڵاگەرەکان ناسراوە، لە ساڵی ١٩٩٤ کاتێک تەمەنی ٢٠ ساڵ دەبێت، یەکەمین ماڵپەڕی تاکەکەسی (Personal Homepage) دادەنێت، بۆ بڵاوکردنەوەی نووسینەکانی ڕۆژانەی، ڕۆژنامەی (The NewYork Times) ساڵی ٢٠٠٤ بە باوکی بڵاگی تاکەکەسی ناوی هێناوە، لەڕاستیدا سەرەتاکانی ساڵانی ١٩٩٠ و تا کۆتایی سەدەی بیستەم ماڵپەڕی تاکەکەسی بەمشێوازە بەکار دەهات، لە ساڵی ١٩٩٧ دا وشەی وێبڵۆگ (Weblog) هاتە کایەوە، پاشان لەساڵی ١٩٩٨ بۆ یەکەمین جار توانرا لەناو بڵاگدا خوێنەر سەرنجەکانی خۆی بنووسێت و لە کۆتاییشدا ساڵی ١٩٩٩ وشەکە کورتکرایەوە بۆ بڵۆگبڵاگ (Blog)
دەتوانین بڵێین کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم و سەرەتاکانی ساڵانی ٢٠٠٠ بڵاگ و بابەتی سیاسی پێشڕەوی بوارەکە بوون و لایەن و کەسە سیاسییەکان و هەتا ماڵپەڕە هەواڵیەکانیش، ئەمڕۆ بڵاگەکان یەکجار زۆرن و بوار و مەودای کەڵک وەرگرتنیش لە بڵاگ و شێوازەکانی یەکجار فراوانن، ئەم فراوانبوونە ساڵی ٢٠١٦ پاشگری (.blog) ی هێنایە کایەوە، هەروەها ساڵی ٢٠١٩ ژمارەی بڵاگەکان لە ٥٠٠ ملیۆن تێپەڕیووە.

بۆچی دەبێت گرنگی بە بڵاگ بدەین؟

لە ڕاستیدا دەبێت ئەوەمان لە پێشچاو بێت، کە نووسین و بڵاوکردنەوەی بابەتەکانمان لەناو ئینتەرنێتدا دەبێت لەسەر بڵاگ بێت، بڵاگ داهاتووی پاشەکەوتکردنی زانست و زانیاری بەردەستمانە بۆ کەڵک لێوەرگرتنی ئێستا و نەوەکانی داهاتوومان، دەکرێتە سەرچاوە و دەیان و سەدان سوودی هەیە بۆ خزمەتکردن بەو بوارەی تێیدا دەنووسیت و خۆشەویستیت هەیە بۆی، ناشبێت ئەو چێژە گەورەیەمان لە یاد بچێت کە پێمان دەبەخشێت، کاتێک گرنگی بە نووسینەکانت دەدەیت و چاکسازی لە ماڵپەڕەکەتدا دەکەیت و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ خوێنەرەکانتدا دەکەیت، من هەمیشە پێی دەڵێم وەکو ئەوەی گرنگی بە گوڵێک بدەیت کە دەیڕوێنیت و پاشان گەشەدەکات و چرۆ دەکات.

گەر بابەتەکان لەتۆڕی کۆمەڵایەتی بنووسین، دەبێت لە یادمان نەچێت کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەرگیز جێگایەک نین بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتەکان و ئەرشیف کردنیان، هۆکارەکان بۆ ئەوە زۆرن، بەڵام هەندێک لەوانە بریتین لەوەی، یەکەم: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شوێنی خوێندنەوە و بابەتی زانستی نین، بۆ ئەو مەبەستە درووست نەکراون و ناشێن، دووەم: ئەو بابەتانەی لەوێ دایان دەنێیت دەتوانین بڵێین ئەرشیف ناکرێن، لە نێوان سەدان و هەزاران بابەتی تر لێرەو لەوێ وون دەبن و کەڵکیان بۆ کەسانی خوێنەر نییە، سێیەم: هەر بابەتێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوبکەیتەوە، سوودی لێ وەرناگیرێت وەکو سەرچاوە و کارێکی نەشیاوە تۆڕی کۆمەڵایەتی بکرێتە سەرچاوەی هەر بابەتێکی تری زانستی، چوارەم: ئەو تێکەڵاویەی لەناو تۆڕی کۆمەڵایەتییدا هەیە، یارمەتیدەری خوێنەر نابێت لە دۆزینەوەی بابەتەکە کاتێک لە مەکینەکانی گەڕانەوە ویستی بە دووای سەرچاوەیەکدا بگەڕێت. دەیان هۆکاری تریش هەن کە لە کۆتایی بابەتەکەدا دەکرێت ڕوونببێتەوە بۆت کە بۆچی نابێت بابەتەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوبکرێنەوە.لەم ڕۆژانەدا کە سەرجەم زانیاری بەردەستمان لەسەر کاغەز دەنووسرێنەوە، یاخوود لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە، مایەی خۆشحاڵییە کە خەڵکی ڕوو لە درووستکردنی بڵاگ بکەن و ژێرخانی زانستیمان لەسەر نێت بەهێز و تۆکمە بێت.

بەربڵاوترین ماڵپەڕەکانی ئێستا کامانەن؟

ئێستا لە تەواوی جیهاندا ماڵپەڕی بڵاگ (Blog) و بازرگانی ئەلیکترۆنی (E-Commerce) دوو بەربڵاوترین ماڵپەڕەکانن، کاتێک هاتە سەر بابەتی زانستی بڵاگ پێشڕەوییەکی گەورەی نوواندوە و کاتێک هاتە سەر ئاسانکاری لە ئەزموونی بازاڕکردن، بازرگانی ئەلیکترۆنی دەستێکی باڵای هەیە، هەردووکیشیان بەیەکەوە لە وڵاتانی خۆرئاوا و هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرچاوەیەکی یەکجار گەورەی داهاتن.

چۆن دەست بکەین بە بڵاگ؟

ڕەنگە زۆرێک لە خەڵکی کاتێک پرسیاریان لێ دەکەیت یەکەمین هەنگاو چییە تا ببمە بڵاگەر؟ دەڵێن ماڵپەڕێک درووست بکە، بەڵام لە ڕاستیدا من پێم وایە یەکەمین هەنگاو بریتی نییە لە درووست کردنی ماڵپەڕێک، بەڵکو پێویستە مرۆڤ چەند هەنگاوێکی تر بگرێتە بەر تا وەکو خۆی ئامادەبکات ببێتە بڵاگەرێکی سەرکەوتوو.

هەمیشە ئیلهام و هەست و سۆزەکان لەشێوەی شەپۆل بە نێوان ئێمەی مرۆڤەکاندا دێن و دەچن، ئەوەی وا دەکات مرۆڤێک لە مرۆڤێکی تر باشتر بنووسێت، ئەوەیە کە نووسەری سەرکەوتوو زیرەکانە کەڵک لەو شەپۆلانە وەردەگرێت، ئەمەش لە ئەنجامی هەوڵ و ماندووبوون و ئەزموون دێتە ئاراوە، دەبێت لە یادمان بێت کە بڵاگی سەرکەوتوو بریتییە لە ناوەڕۆکی سەرکەوتوو، پێم وانییە کەس گرنگیمان پێ بدات لەبەر ئەوەی ماڵپەڕەکەمان جوانە، گەر لە ناوەڕۆکدا شتێکی بە کەڵک نەدەین بەدەستەوە، زۆر گرنگە کە ئارام بگریت و پڕهیوا و وزە بیت، هەروەها گوێ لە کەسانی لەخۆت بە ئەزموونتر بگریت، کاتێک تێبینیت پێ دەبەخشن و پێم وایە تێبینی کەسانی تر یەکجار سوودبەخشە، کاتێکیش دەتوانیت قبووڵیان بکەیت کە هەستی خۆپەسەندیی (Ego) وەلابنێیت، چونکە گەر پشتگوێی نەخەیت ئەو هەستە خۆی دەبێتە هۆی شکستت، وەکو ئەکتەری بەتوانا ماتیو مەکۆنەهێی (Matthew Mcconaughey) دەڵێت “ئەگەر کەسێک هەڵەیەکی بۆ ڕاست کردیتەوە، پاشان تۆش هەستت بە دڵگرانی کرد، ئەوا تۆ کێشەی خۆ پەسەندیت هەیە”
هەوڵ بدە دامەبڕێ لە نووسین، مەرج نییە ئەوەی دەینووسیت بڵاوی بکەیتەوە، بەڵکو لەناو ڕەشنووسێکدا دایبنێ گەر هەستت کرد شایەنی بڵاوکردنەوە نییە، وەک دەڵێن باشترین ڕێگە تا ببیتە نووسەرێکی چاک ئەوەیە کە هەموو ڕۆژێک بنووسیت، ئەوەش لەیاد مەکە کە ئەو بوارەی هەڵیدەبژێریت خۆشەویستیت هەبێت بۆی، هەمیشە پارە و بازرگانی بخەرە دوواهەمین هەنگاوەکانی بیرت، چونکە کاتێک خۆشەویستییەکی زۆر بۆ هەر بابەتێک دەردەبڕیت و گرنگی پێ دەدەیت، ئەوا لە بەرامبەردا ئەویش سوود و قازانج دەگەیەنێت بەتۆ، هەمیشە ببەخشە و لەو پێناوەدا کار بکە، بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی کارسازی بەتوانان ڕۆژانێک لە تەمەنیاندا زیاتر لە ١٦ کاتژمێر کاریان کردووە، لە ڕاستیدا گەر خۆشەویستیت نەبێت بۆ ئەو کارەی دەیکەیت، هەرگیز ناتوانیت بەو شێوەیە خۆتی بۆ ماندوو بکەیت.

فراوانکردنی مەودای خەیاڵ
فراوانکردنی مەودای بیرکردنەوە و خەیاڵکردن گرنگییەکی زۆری هەیە و لەم بوارەدا، خوێندنەوەی پەرتووک سوودێکی زۆری هەیە، پاشان کاتەکانت کە سەرقاڵی کارکردن نیت، تەرخانیان بکە بۆ گوێگرتن لە موزیکی جوان و ئارامبەخش، هەروەها پۆدکاستی زانستی و تەماشاکردنی فیلم و زنجیرەی پڕماناش کاریگەری گەورەیان هەیە، هەوڵ بدە سەردانی سرووشت بکە و دەروونت ئارام بکەرەوە.

گرنگیدان بە زمانی کوردی
دەبێت گرنگییەکی زۆر بدەیت بە زمانی کوردی، پێش هەموو شتێک گەر تەختە کلیلی کوردیت نییە، دەبێت دایبگریت، یاخوود گەر پەنجەکانت لەسەر نووسین ڕانەهاتوون، دەبێت ڕایان بهێنیت، لە ڕاستیدا گەر بە تەختەکلیلی کوردی نەنووسیت، من دەتوانم بڵێم وەکو ئەوە وایە کە نەنووسیت، پاشان دەبێت گرنگی بدەیت بە ڕێزمان و زاراوەسازی و ڕەوانبێژی و خاڵبەندی، لەم بوارانەدا سوود لە یاگەی زمانی کوردی وەربگرن کە لەلایەن مامۆستا دیاکۆوە بەڕێوە دەبرێت و هەموو زانیارییەکی پێویستی سەبارەت بە زمانی کوردی لە خۆگرتووە، کاتێک بابەتەکەت دەنووسیت چەند جارێک پێداچوونەوە بە نووسینەکەتدا بکەرەوە، دڵنیا بەرەوە لە هەڵەی نووسین و خاڵبەندی، لە ڕووی دەروونیەوە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر دەروونی خوێنەرەکانت هەیە کاتێک هەڵەیەکی زۆر لە بابەتەکەدا هەبێت، ئەو واتایە دەگەیەنێت، کە ئەگەر نووسەر ووزەی نەبووبێت بۆ نووسینی بابەتەکەی بۆ دەبێت من بیخوێنمەوە؟

ئامادەسازیی پێش نووسین
پێش ئەوەی بابەتەکەت بنووسیت، ئەو پرسیارانە لە خۆت بکە کە ئایا خوێنەرەکانم کێن؟ خەڵکی کوێن؟ ئاستی ڕۆشنبیرییان چەندە؟ ئارەزووی چی دەکەن؟ دەبێت خوێنەرەکانت بەباشی بناسیت، پێش ئەوەی بابەتەکەت بنووسیت، هەروەها لەیادت بێت لە بڵاگدا هێزی هەستی دەنگ بوونی نییە و بۆ ئەمەش دەبێت لێهاتووییەکانی خۆت لە نووسیندا دەربخەیت. بڵاگەری سەرکەوتوو ئەو کەسەیە کە دەتوانێت کێشەکانی خەڵکی چارەسەر بکات، لە بیریشت نەچێت دوو جۆر خوێنەر هەن، یەکەمیان ئەوانەن کە تەنها بەشی یەکەمی بابەتەکە دەخوێننەوە و دووەمیشیان ئەوانەن کە هەموو بابەتەکە دەخوێننەوە، نووسەری چاک پێویستە سوود بە هەردوو جۆرەکە بگەیەنێت.

ئامادەکردنی سەردێڕ
سەردێڕەکەت بریتییە لە کلیلی هاتنە ژوورەوە بۆ بابەتەکە و پێویستە گرنگیی پێبدەیت، وا باشترە سەردێڕ لە پێنج خولەکی کۆتایی بابەتەکە بنووسیت، تا بیرت بە تەواوی لەسەر هەموو بابەتەکە ڕوون دەبێتەوە و هەوڵ بدە نزیکەی ١٠ سەردێڕ بنووسیت و دوواتر کاریگەرترینیان هەڵبژێریت.

جۆرەکانی بڵاگ کامانەن؟

پرسیار و وەڵام (Q&A)
یەکێکە لە جۆرە بەهێزەکانی بڵاگە و تێیدا نووسەر دەتوانێت وەڵامی یەک پرسیار بە دوور و درێژی بداتەوە، یاخوود وەڵامی چەند پرسیارێکی هاوشێوە بداتەوە، لەم جۆرەدا پێویستە بزانیت کە ڕەنگە کاتێک بابەتێک دەنووسیت، تۆ یەکەمین کەس نەبیت، گرنگە لێکدانەوە بکەیت کە ئایا بۆچی دەبێت منیش لەسەر هەمان بابەت بنووسم؟ بۆچی دەبێت منیش وەڵامی هەمان پرسیار بدەمەوە؟ بە دڵنیاییەوە هەموو پرسیارەکان دەکرێت سەدان و هەزاران جار وەڵام درابنەوە، چونکە هەر مرۆڤێک تێڕوانینی خۆی هەیە و لە ڕاستیدا دەکرێت پرسیارێک بە تەنها بابەتێک وەڵام نەدرێتەوە، بۆیە ئەمانە دەڵێین لەبەر ئەوەی کاتێک وەڵامی پرسیارێکت دایەوە کە کەسانی پێش خۆت وەڵامییان داوەتەوە، جیاواز و لێهاتووبیت و زانیاری نوێ و بە کەڵک بگەیەنیت، دووربکەویتەوە لە لەبەرگرتنەوە و وەرگرتنی ڕای کەسانی تر.

ناوەڕۆکی پێداچوونەوە (Review Content)
پێداچوونەوەی بەرهەم یاخوود خزمەتگوزاری، یەکێکی ترە لە جۆرەکانی بڵاگ، ئەگەر لەم جۆرە بڵاگەت دانا، کۆمەڵێک خاڵ هەیە کە دەبێت ڕەچاویان بکەیت، هەرگیز پێداچوونەوە بۆ بەرهەم و خزمەتگوزارییەک مەکە کە خۆت بەکارت نەهێناوە، هەروەها زیادەڕەویی مەکە نە بەباشی نە بەخراپی بۆ هیچ بەرهەم و خزمەتگوزارییەک کە بەکارتهێناوە، زیاد لە ئاستی خۆی باسی مەکە، چونکە لەڕاستیدا خوێنەر لەسەر ڕێنوینییەکانی تۆ بەرهەمەکە یاخوود خزمەتگوزارییەکە دەکڕێت و بەکاری دەهێنێت، هەڵەی لەو شێوەیە ناوبانگی خۆت وەکو نووسەر و ناوبانگی بڵاگەکەشت لەکەدار دەکات.

بابەتی پوختە (Brief Summary)
لێرەدا باسی بەرهەم و خزمەتگوزارییەک دەکەیت، بەڵام وەکو پێداچوونەوە نا، بەڵکو ڕوونی دەکەیتەوە کە باشی و خراپییەکانی چییە؟ بۆچی دەبێت بیکڕین؟ یاخوود بۆچی نابێت بیکڕین؟ دەتوانیت بەرهەم یاخوود خزمەتگوزارییەکە بەراورد بکەیت بە هی تر و بەرچاوڕوونی بدەیت.

ناوەڕۆکی هەواڵ (News Content)
هەموو بابەتێکی هەواڵ لە هەموو جۆرەکانی گەیاندنی هەواڵ، دەکەوێتە ژێر ئەم جۆرەوە.

ڕا و بۆچوونەکان (Thoughts & Opinion)
ئەم جۆرە لە بڵاگ بریتییە لە ڕاوبۆچوونەکانی خۆت وەکوو نووسەر، لەسەر هەر بوارێک کە پێت خۆشە، بەڵام ئەم جۆرە تایبەت نییە بە بەرهەم و خزمەتگوزاریی و هەروەها بەشێوەیەکی گشتی پشت نابەستیت بە ڕا و بابەتی کەسانی تر، بەڵکو ئەوەی گرنگە تۆ وەکوو نووسەر ڕات چۆنە!

زانیاری و ئامار (Data & Statistics)
لەم جۆرەدا زانیارییەکانی باسی دەکەیت لە بابەتەکەتدا بە پشت بەستن بە ئامار و زانیاری بڵاوکراوەی پێشتر دەبن، بەڵام کاتێک بەم شێوەیە بابەتت نووسی، دەبێت زۆر ئاگاداری سەرچاوەی ئامار و زانیارییەکان بیت، کەڵک وەربگریت لە زانکۆ باوەڕپێکراوەکان، یاخوود ڕێکخراوەکان کە بە فەرمی کارەکانیان دەکەن، دەشتوانیت سوود لە (Infographic) وەربگریت و زانیارییەکان لەشێوەی نەخشەی بازنەیی و نەخشەی شریتیی بڵاوبکەیتەوە.

لێکۆڵینەوەی حاڵەت (Case Study)
بۆ کۆمپانیا و نیشانە بازرگانییەکان، ئەمە بەهێزترین جۆرەکانی بڵاگە، لەم جۆرەدا هەر کاتێک بابەتێک دەنووسیت، چیرۆکێک لە یەکێک لە کڕیارەکانت یاخوود لە کارمەندەکانت باس دەکەیت، چۆن کۆمپانیاکەت هاوکاریی کڕیارەکانتی کردووە؟ چۆن کۆمپانیاکەت هاوکاریی ژینگەی وڵاتەکەی کردووە؟ چۆن هاوکاریی کارمەندەکانی کردووە؟ ئایا هاوکار بوویت لە چارەسەر کردنی چ کێشەیەکدا؟ مەرجە ئەو کڕیارانەی بەشداردەبن لەم جۆرە بڵاگەدا کڕیاری هەمیشەیی بن و شارەزایی تەواوییان لە کۆمپانیاکە و ئەرک و ڕوئیاکانی هەبێت.

لە بڵاگەکەتدا پێویستە سوود لە بەستەری کۆکراوە (Link Roundup) وەربگریت، خوێنەران ڕێنوینی بکە بۆ خوێندنەوەی زانیاری زیاتر، لە ڕێگەی بەستەرە خۆماڵییەکانی ناو ماڵپەڕەکەتەوە، هەروەها هەوڵی دانانی نەخشەسازییەک بدە کە چۆن سوود لە بەستەر و بابەتەکانی پێشووت وەربگریت.

کاتێک بڵاگت دانا، سوود لە سەرجەم لایەنەکانی بازاڕگەریی ژمارەیی وەربگرە، تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتی، بۆ نموونە دەتوانیت کاتێک بابەتێکت نووسی، بە کورتی لە ئەڵقەیەکی پۆدکاستەکەشتدا تۆماری بکەیت، هەروەها چەند خاڵێکی گرنگ بە وێنەیەکی جوانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دابنێیت، بەڵام ئەوەت لە یاد بێت کە هەر دانەیەک لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی شێواز و بەکارهێنەری تایبەت بەخۆیان هەیە و ناکرێت هەر بابەتێک لە یەکێک لە تۆڕەکان بڵاوبکەیتەوە، پاشان لەناو هەموو تۆڕەکانی تر بڵاوی بکەیتەوە، ئەمە بێزارکەر و نەگوونجاوە، پێویستە کاتێک بابەتەکەت ئامادە دەکەیت ئەوەت لەیاد بێت، تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان شێوازی خۆیان هەیە و بەکارهێنەرەکانیشیان جیاوازن.

تیۆری AIDA چییە؟

ئەم تیۆرییە یەکێکە لە تیۆرییە هەرە باوەکان لە بواری بازاڕگەریدا، پێکدێت لە ڕێڕەوێک کە هەموو کڕیار و بەکارهێنەرێک پێیدا تێپەڕدەبێت، هەنگاوەکانی ڕێڕەوەکە بریتین لە چوار دانە و نووسەری سەرکەوتوو دەتوانێت خوێنەرەکانی ڕێنوینی بکات تا دەگەنە هەنگاوی کۆتایی و ئەنجامدانی کردارەکە، هەنگاوەکان بریتین لە:

١. سەرنجدان (Attention)
٢. ئارەزووکردن (Interest)
٣. خواستن (Desire)
٤. کردار (Action)

تۆی نووسەر بە سوود وەرگرتن لەم تیۆرییە، کاتێک باسی بەرهەم یاخوود خزمەتگوزارییەک بۆ خوێنەرەکانت دەکەیت، ئەوا شێوازی نووسین و ڕەوانبێژییەکەت سەرنجی خوێنەر بەلای بابەتەکەدا ڕادەکێشێت، پاشان وا دەکات ئارەزووی بکات و خواستی ئەوەی هەبێت کە ببێتە بەکارهێنەری ئەو بەرهەم و خزمەتگوزارییە، لە کۆتاییشدا گرنگترین هەنگاوە کە بریتییە لە کردار، ئەویش کڕینی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکەیە، دەشێت نووسەر لە هەر یەکێک لە هەنگاوەکاندا خوێنەر لەدەست بدات، گەر سەرکەوتوونەبێت خوێنەر تا کۆتایی ڕێگاکە بەرێت، تۆ دەتوانیت سەرنجی خۆت بدەیت، بەکارهێنەری هەر بەرهەم و خزمەتگوزارییەکیت، لەڕاستیدا کۆمپانیای بەرهەمهێنەر بە سەرکەوتوویی تۆی هەتا کۆتا هەنگاو ڕێنوینی کردووە.

SEO چییە؟ چۆن ماڵپەڕەکەت پێش دەخەیت؟

وەکو دەردەکەوێت لە ئەنجامی توێژینەوەکاندا کاتێک ماڵپەڕەکەت لە ئەنجامی گەڕانەکاندا بکەوێتە پەڕەی یەکەم، ئەوا ٣٢.٥% ئەگەری هەیە خوێنەر سەردانت بکات، ئەگەر ماڵپەڕەکەت بکەوێتە پەڕەی دووەمەوە ١٧.٦% ئەگەری هەیە سەردانت بکەن و پەڕەی سێیەمیش ٢.٤%

پەرەپێدانباشترکردنی بزوێنەری گەڕان (Search Engine Optimization) یان (SEO) زۆر بەکورتی واتە ماڵپەڕەکەت چۆن لە ئەنجامەکانی گەڕاندا دەردەکەوێت، نمرەیەکی بەرزتر لە (SEO) واتە پێشکەوتنی ماڵپەڕەکەت لە ئەنجامەکانی گەڕاندا، بزوێنەرەکانی گەڕانیش هەرچییەک بن لەوانە گووگڵ، یاخوود بینگ و نموونەکانی تر، بەڵام لای گووگڵ و بینگ شتێکی تریش هەیە بەناوی (SEM) واتە بازاڕگەریی بزوێنەری گەڕان (Search Engine Marketing) خاوەن ماڵپەڕ و کۆمپانیاکان پارە دەدەن تا ماڵپەڕەکەیان یاخوود بابەتێک بەتایبەتی، بکەوێتە یەکەمین ئەنجام لە گەڕانەکاندا، چۆن ئەمانە دەناسیتەوە؟ بەوەدا کە لە پێش دەستپێکردنی سەردێڕەکەوە نووسراوە Ad لە ڕاستیدا گەر بکەویتە دووای ئەمانە ئاساییە، چونکە ئەوان پارەیان لەو پێناوەدا داوە و ئەوەی ئێمە باسی دەکەین بریتییە لەوەی بەشێوەیەکی سرووشتی و بە لێهاتوویی خۆمان بچینە بەشی سەرەوەی ئەنجامەکانی گەڕان.

دووبنەمای گرنگ هەن تا ماڵپەڕەکەمان ئاستێکی باش پێشکەش بکات.

یەکەم: جۆرایەتی
لە جۆرایەتیدا مەبەستمان لە ناوەڕۆک و ماڵپەڕەکەشە، ناوەڕۆکەکەت پێویستە جۆرایەتی بەرزبێت، لەوەی بابەتی تەواو زانستی بن، سەرچاوەکانیان درووست و باوەڕپێکراوبن، پڕاوپڕنەبن لە بانگەشە و چەواشەکاریی، ئاستی نووسینیان تەواو و بێکەموکورتی بن، هەروەها جۆرایەتی بەرز لە ماڵپەڕدا بریتییە لەوەی ماڵپەڕەکە چووست و خێرابێت، دەبێت گرنگی بدەیت بەوەی ماڵپەڕەکە لەکوێ ڕاژە دەکەیت، گەر سوودت لە خزمەتگوزارییە ئامادەکراوەکان وەرگرت، بۆ نموونە (WordPress.com) و (Blogger) و (Wix) و چەندانی تری هاوشێوە، کەمتر تووشی ئەو کێشەیە دەبیت، ماڵپەڕەکان لەم شوێنانە هەمیشە چووست و خێران و تووشی ڕاوەستان نابن، تۆ گەر بتەوێت تەنها گرنگی بە نووسین بدەیت، ئەو هەڵبژاردانە گوونجاو و لەبارن، ئەگەر خۆشت بەبەکارهێنانی یەکێک لە سیستەمەکانی بەڕێوەبردنی ناوەڕۆک ماڵپەڕەکەت درووست بکەیت، پێویستە ئاگاداری ئەو کۆمپانیایە بیت کە ڕاژە دەکات و باشترە جیاوازی لە نێوان جۆرەکانی خانەخوێدا بکەیت، بزانیت کەی و بۆچی پێویستت بە کامەیانە؟ هەروەها پێویستە ماڵپەڕەکەت گوونجاو و لەباربێت لەگەڵ هەموو ئامێرەکاندا، کە پێی دەگووترێت (Responsive Website) هەروەها ئەو سیستەمەی بەکاری دەبەیت لە درووستکردنی ماڵپەڕەکەدا هاوڕێی بزوێنەرەکانی گەڕان بێت (SEO Friendly) دەتوانین بڵێین کە وۆردپرێس لەم بوارەدا پێشەنگە و گەر نوێیت بۆ وۆردپرێس فەرموو ئەم بابەتە بخوێنەرەوە.

دووەم: نزیکی (Relevance)
دەبێت لە یادت بێت کە ئەو کلیلە وشانەی بەکاری دەبەیت (Keyword) تەواو لەجێی خۆی و لەپێناو باشترکردنی بابەتەکەت بەکاری ببەیت، پێویستە کلیلە وشەکە لەناو سەردێڕ و چەندین شوێنی بابەتەکەت بەکاربهێنیت، هەروەها گرنگی بە بەکارهێنانی تاگ (Tag) بدەیت، بابەتەکەت باس لەچەند بوار دەکات، بیان کە بە تاگ و بیان نووسە، هەروەها گەر وشەیەک چەند شێوەیەک لە نووسینی هەبوو لە تاگدا سوودی لێوەربگرە، تا هەموو کەسێک بتوانێت بیدۆزێتەوە، گرنگیشە مێتا (Meta) لەیاد نەکەیت، مێتا ئەو پارچە دەقەیە کە لەگەڵ بەستەری بابەتەکە دەردەکەوێت لە ئەنجامەکانی گەڕاندا، وا باشترە خۆت مێتا بنووسیت، لەوەی بەشێوەیەکی خۆکار خۆی درووست ببێت، مێتا بەخێرایی خوێنەر و مەکینەکانی گەڕان تێدەگەیەنێت کە ئەم بابەتە باس لە چی دەکات.
نزیکی (Relevance) دووەمین بنەمایە کە مەکینەکانی گەڕان ماڵپەڕەکەت بخەنە ئەنجامەکانی پێشەوەی گەڕان، ئەمە واتای ئەوە دەدات کە ئەم بابەتەی تۆ نووسیوتە تا چەند نزیکە لەوەی کەسی خوێنەر بەدووایدا دەگەڕێت، کاتێک خوێنەر گەڕان بۆ بابەتێک ئەنجام دەدات، مەکینەکانی گەڕان لەسەر ئەو بنەمایانەی باسمان کرد، بڕیار دەدەن کە نزیکترین ماڵپەڕ وەکو ئەنجام نیشان بدەن.

لە مەکینەیەکی وەکوو گووگڵ دا، پێش ئەوەی خوێنەر گەڕان ئەنجام بدات، وێبخشۆکەکان (Web Crawlers) زانیاری لەسەر سەدان ملیار لاپەڕە کۆدەکەنەوە و ڕێکی دەخەن وەکو نوانەی گەڕان، ئەم زانیارییانە بەپێی بنەماکانی سەرەوە و هەروەها نەخشەماڵپەڕ (Sitemap) ڕێکدەخرێن، لەناو ئەم پشکنینانەدا دەردەکەوێت، چەند ماڵپەڕی نوێ درووست کراوە؟ چەند ماڵپەڕ لەناوچوون؟ چەند بەستەری نوێ زیادی کردووە؟ چەند بەستەر لەناوچوون؟ نوانەیەکی گەڕانی گووگڵ خۆی دەدات لە سەدان ملیار زانیاری، کە زیاترە لە ١٠٠ ملیۆن گێگابایت لەڕووی قەبارەوە، هەروەها گووگڵ بە تەنها کار لەسەر ئەو بنەمایانەی سەرەوە ناکات، بەڵکو کەسی خوێنەریش کە گەڕان ئەنجام دەدات لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، کە پێویستە چی نیشان بدرێت، ئەمەیە کە ئەنجامەکانی گەڕانی بەهێزکردووە.

بازاڕگەریی پۆستی ئەلیکترۆنی و (ROI) چین؟

بازاڕگەریی پۆستی ئەلیکترۆنی دەتوانێت هاوکارێکی گەورەی بڵاگەکان بێت، لە ناوەکەیەوە تێدەگەین کە دەتوانین بازاڕگەریی بکەین، خوێنەر و بەکارهێنەران و کڕیارەکانمان ئاگاداربکەینەوە لە نوێترین ئاگادارییەکان و خزمەتگوزارییەکان و بەرهەمەکانمان، ئەم کارە لە ڕێگەی ئەو ڕاژانەوە دەکرێن کە تایبەت بۆ ئەو کارە درووست کراون، ئەوانەی کە بەناوبانگن بریتیین لە (MailChimp) و (Constant Contact) و (HubSpot) ئەم ڕاژەکارانە هەڵدەستن بە ڕەوانەکردنی ئەو ڕووکارەی خۆت درووستی دەکەیت، بە مەبەستی گەیاندنی پەیامێک بۆ هەزاران و ملیۆنان و بەشداربوو، کە ڕەزامەندییان دەربڕیوە بۆ ئەوەی پۆستی ئەلیکترۆنییان بەدەست بگات لەلایەن تۆوە.
تۆی نووسەر گەر بابەتەکانت بازرگانیش نەبوون دەکرێت سوودمەند بیت لەوەی داوا لە خوێنەرەکانت بکەیت کە بەشداری بکەن لە لیستەی پۆستی ئەلیکترۆنییەکاندا، تۆش هەر کاتێک بابەتێکی نوێت هەبوو لەڕێگەی پۆستی ئەلیکترۆنییەوە ئاگادارییان دەکەیتەوە، هەندێک لە ماڵپەڕەکان ئەم کارە ڕاستەوخۆ ئەنجام دەدەن، بۆ نموونە دوای خۆتۆمارکردن، بەڵام ئەگەر کارێکی لەم شێوەیەت کرد، پێویستە لە پەڕەی سیاسەتی تایبەتێتی ئاماژەی پێ بدەیت، هەروەها دووگمەی سڕینەوەی بەشداری (Unsubscribe) لەناو ڕووکاری پۆستە ئەلیکترۆنییەکەدا دابنێیت.

کۆمپانیای (Mckinsey & Company) توێژینەوەیەکی ئەنجامداوە کە بەهێزیی بازاڕگەریی پۆستی ئەلیکترۆنی دەردەخات لە بەرامبەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، کە ٤٠ هێندە بەهێزترە و هەروەها گەڕانەوە لە وەبەرهێنان (Return on Investment) یان (ROI) بریتییە لە ١ دۆلار و گەڕانەوەی ٣٨ دۆلار، واتە ١ دۆلار وەبەرهێنان لە بازاڕگەریی پۆستی ئەلیکترۆنی بریتییە لە قازانجی ٣٨ دۆلار.

ئەو کەسەی بازاڕگەریی دەکات پێویستە شارەزاییەکی تەواوی هەبێت لە گەڕانەوە لە وەبەرهێنان (Return on investment) یان (ROI) وهەروەها نیشاندەری سەرەکی کارامەیی (Key Performance Indicator) یان (KPI) لە ڕاستیدا کاتێک دەستت کرد بە بازاڕگەریی ژمارەیی، ئەوا بازاڕگەریی ژمارەیی بەبێ ئەم دوو پێوانەیە ناچێت بەڕێوە و زۆر سەرەکین.

ئایا لە کوردستان و عێراق بڵاگ دەبێتە سەرچاوەی داهاتی ژیان؟

لە ڕاستیدا وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر دڵخۆشکەر نییە، ئەگەر چی من پێم وایە کە هیوایەک هەمیشە بوونی هەیە، لەم قۆناغەی ئێستاماندا هەم بڵاگەر هەم خوێنەر لە ئاستێکی کەم و خراپدان، ئەگەر بە کورتی ڕێگاکانی پەیداکردنی داهات لە ڕێگەی بڵاگەوە دابەشبکەین، ئەوا دەیکەین بە دوو بەشەوە:
یەکەمین ڕێگا ئەوەیە کە خاوەنکار و کۆمپانیاکان سوود لە بڵاگ وەربگرن، کە ئەمەیان هیچ ڕێگریەکی لەبەردەمدا نییە و سوودێکی تەواوی هەیە ئەگەر بێت و کۆمپانیاکان بە هاوکاری نووسەر و بەشی بازاڕگەرییەکەیان هەنگاوی بۆ بنێن (هەڵبەتە ئەگەر بزانن بەشی بازاڕگەری چییە و بۆچی باشە و هەیان بێت)
دووەم ڕێگاش ئەوەیە کە کەسێکی ئاسایی بیەوێت بڵاگ بکاتە سەرچاوەی داهاتی ژیانی، کە ئەم جۆرەیانە لە عێراق و کوردستان بەربەستی زۆری لەبەردەمدایە، چونکە ئەم جۆرە لە بڵاگ بە بەرنامەی بەشداری (Affiliate Program) کاردەکەن و ئەو بەرنامانەش بە تەواوی لە ڕێگەی پەیپاڵ (Paypal) دەچن بەڕێوە و تا ئێستاش ئەو خزمەتگوزارییە لە عێراق بەردەست نییە، هەروەها سیستەمی بانکی بوونی نییە و گەر زیاتریش بڕۆین دەتوانین بڵێین، ناونیشان و کۆدی پۆستە بوونی نییە، بۆیە ئەستەمە ئەو بەرنامانە تا چەندین ساڵی تریش ڕێگەپێدراوبن.
بەڵام وەکو باسمکرد هەمیشە لە خراپترین باروودۆخەکاندا کەسێک هیوایەک دەبەخشێت و دەشێت ئەو هیوایە تۆی خوێنەری بەڕێز بیت، دەتوانیت بیربکەیتەوە کە ئایا دەتوانیت لەم بارودۆخەدا چی بکەیت؟ دوواجار دەتوانیت هەوڵ بدەیت، چونکە کاتێک هەوڵ دەدەیت لە ڕاستیدا شکست بوونی نییە، یان سەردەکەویت، یاخوود وانەیەک فێردەبیت.

سوپاستان دەکەم کە کاتی خۆتان بەخشی بەخوێندنەوەی فێرکارییەکە و خۆشحاڵ دەبم ئەگەر زیادکردنێکتان هەبوو بۆمان بنووسن، هەروەها ئەگەر سوودی هەبوو لای خۆتان بڵاوی بکەنەوە و ئەگەر هەڵەیەکیشتان بینی، ئاگادارمان بکەنەوە.

بەشێکی سەرچاوەکان دەگەڕێتەوە بۆ خولی Blogging Masterclass لەلایەن Brad Merril ئامادەکراوە، هەروەها زانیاریی دەرەکی لەگەڵ هەموو بەشێکدا کراوەتە بەستەر.

سه‌رچاوه‌:

ماڵپه‌ڕی چاوگ


Like it? Share with your friends!

Comments

كۆمێنت

Choose A Format
Personality quiz
Series of questions that intends to reveal something about the personality
Trivia quiz
Series of questions with right and wrong answers that intends to check knowledge
Poll
Voting to make decisions or determine opinions
Story
Formatted Text with Embeds and Visuals
List
The Classic Internet Listicles
Countdown
The Classic Internet Countdowns
Open List
Submit your own item and vote up for the best submission
Ranked List
Upvote or downvote to decide the best list item
Meme
Upload your own images to make custom memes
Video
Youtube, Vimeo or Vine Embeds
Audio
Soundcloud or Mixcloud Embeds
Image
Photo or GIF
Gif
GIF format