دەیناسنەوە؟!

جارجار پێویستیمان بەوەیە ئیستێک بکەین و ئاوڕێک لە ڕابردوو بدەینەوە. دا بزانین ئەوان ڕۆژان خەون و خولیا، ئێش و موعانات، ژیان و ژیواری خەڵک چۆن بووە و بەراوردێک بکەین لەنێوان ئەمڕۆ و دوێنێمان و ببینین بە چ ئاڕاستەیەکدا ڕۆییوین. لەم دواییەدا هەلم لێ هێنا و سەیری ئەڵقەکانی زنجیرە درامای پاداشتم کرد.

ئەو پیاوەی وێنەکە دەناسنەوە؟

ئەوکات کە ئەو وەک ئەکتەر لەو زنجیرە درامایەی تەلەفزیۆنی تەئمیم (بەعسی فاشیست دەیویست ناوی‌کەرکووکیش لە بیران بەرێتەوە!) بەشداری کردووە، من مناڵێکی شەش‌ساڵە بووم. بەو تەمەنە بچووکەشەوە زۆر متووی درامای کوردی بووم. شەوانی هەینی لەسەر شەممە لە شاشەی تەلەفزیۆنیی کوردیی کەرکووکەوە تەمسیلە کوردییەکان پەخش ئەکران. ئیتر ئەو شەوە هەموو ماڵێک تا دوا مادەی شەویان نەدیبووایە، نەئەخەوتن. لەو تەمسیلانەی ئەو سەردەمە دیومن و بیرم ماون، هەبوو نەبوو، مۆرانە، ئاسکە، کۆلارە، خاتوو کڵاوزەڕ، لۆ تێم ناگەن، بەرد لە جێی خۆی سەنگینە، کەونە دەرکە، گوڵاڵە، بووکی ژێر دەواری ڕەش، میوانی ناوەخت، جەنابی موفەتتیش و زنجیرەی تەلەفزیۆنیی ژاڵە. دوای ڕاپەڕینیش هەروا تاسەی بینینی بەرهەمیی خۆماڵیی تازە بووم و ئەوانەش کە پێشووتر نەمدیبوون هەوڵم دەدا لە تەلەفزیۆن  سەیریان بکەمەوە.  تا ئێستاش هەندێک بەرهەمی کۆنینە ماون کە نەمدیون و لە دەرفەتی گونجاودا ئەچمەوە سەریان.  

با بێینەوە سەر وێنەکە!

ئەو ساڵی ۱۹٨۷ وەک ئەکتەر بەشداریی لە زنجیرەی درامیی پاداشتدا کردووە کە لە دەرهێنانی عادل عەبدوڵڵایە و لەو درامایەدا دەست خراوەتە سەر کۆمەڵێک زامی ئەوسا و ئێستەی کۆمەڵگە، لەوانە جیاوازیی چینایەتی و دووچاربوونی ژنی هەژاری کڵفەتچی بە گێچەڵی سێکسی و پیسی و تەڵەکەبازیی سەرمایەدارانی حەز و بەرژەوەندپەرست و هیی تریش. بۆ ئەودەم دەستبردن بۆ بابەتی هەستیاری وەهالە بوێرییەکی گەورە بووە و خاتوو سەرگوڵ عەزیز ڕۆڵی کچە کوردێکی پاکدامێنی ئەدا کردووە کە دواتر دەبێتە هاوسەرێکی بەوەفا و دایکێکی دڵسۆز و خانمێکی لەخۆبردوو و پێداگر لەسەر مافەکانی. 

ئەویش لەوێ ڕۆڵی حاجی فەتاحی وەک بێوەپیاوێکی لادێیی لێقەوماوی باوکی کوڕ و کچێکی نەوجەوان کە ژیان ناچاری کردووە ڕوو بکاتە شار، بینیوە.

ڕەنگە لە دەرفەتێکی تردا بێمەوە سەر باسی کارەکتەرێکی دیکەی دراماکە کە ئیسماعیل سەکرانە و باسێکی کۆتاییی تڕاژیدیی ئەو ئەکتەرە بکەم.

دوای ڕاپەڕین جارێکی دی ئەو کابرایە دێتەوە سەر شاشە. ئەمجارە بە هاوکاریی چەند هونەرمەندێک و بە بەشداریی کچ و کوڕە فێرخوازەکانی لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی سەڵاحەددین فیلمی تەلەفزیۆنیی (چەقۆ)یان بەرهەم هێنا کە لە دەرهێنانی هونەرمەندی ڕەوانشاد م. تەڵعەت سامان بوو. لە دوا دیمەنی فیلمەکەدا  چەقۆیەک لە نووکیەوە بەرز  دەکاتەوە و دەڵێ، هۆکارەکان زۆرن! لەوێش فیلمەکە دوایی دێت.  وتەکەشی ئاماژەیە بۆ ئەو هەلومەرجانەی وا لە کەسێک دەکەن، ببێتە کەسایەتییەکی شەڕانگێز، تا ئەو ڕاددەیە کە بتوانێ تاوان ئەنجام بدات. 

 لەو سەردەمەدا هەر زوو چەتەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر پاوانخوازی و  بەشینەوەی ماڵی میللەت بووە هەرایان و لە یەکتریان هێخستە ملان. تا ڕۆژ بەوە گەیشت، هەولێری ئازیزی ئێمەیان کردە گۆڕەپانی جەنگی ناشەریفانەیان و شەڕ هەموو جوانی و ئومێد و جۆشێکی کوردانەی لەناوبرد. لەو سەردەمانیش ئەو پیاوەی وێنەکە لە هەر کەناڵێکی تەلەفزیۆنی دەرفەتی بۆ هەڵکەوتایە، خەریکی پێشکەشکردنی بەرنامەی خێزان و کۆمەڵ بوو. باسی پەروەردەی مناڵی بۆ دەکردین. من کە ئەوسا نەوجەوان بووم و ئەو باسی هەرزەکاری دەکرد، جوانتر لە کاردانەوە وهەڵسوکەوتەکانی ئەو قۆناغەی تەمەن تێدەگەیشتم.

لەو گەرمەی شەڕ و برسێتی و گرانی و قاتوقڕی و نائارامییەدا، ئەو هێشتا خەمی پەروەردەی مناڵی بوو، لە  پێخەمەتی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی  و دەروونیی تاکی کورددا بوو. باسی پەیوەندیی دروستی نێوان ئەندامەکانی خێزانی دەکرد. باسی بیرکۆڵ و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکانی بۆ دەکردین. ئەو بە ڕاستی هەر لە زانکۆ مامۆستا نەبوو، بەسەر شاشەی تەلەفزیۆن و لە بەردەم مایکی ڕادیۆ و لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانیش هەر پەروەردکار و ڕێنیشاندەر بوو. سەرباری ئەوەش جارجار دەبووەوە ئەکتەر و دەیویست بەو شێوازەش دیسان پەیامی پەروەردەیی خۆی بگەیەنێت. سەرباری لایەنە ئەکادیمییەکەشی کە ئێستا تا دوا پلە ڕۆییوە، قەڵەمێکی کوردانەی بەبڕشت بوو. کتێبەکانی ئەو کە ئەو سەردەمەی ژیانی پڕ کولەمەرگییە زەحمەتیش دەست دەکەوتن، لێ هەر کەس بیخوێندنایەوە، دەیزانی دەروونناسی چەندە بۆ ژیانی ئێمە گرنگ و پێویستە و چ ڕۆڵێکی ئەرێنی و جوانی هەیە.

خەڵکێک وەک ئەم سەردەمی بێبارییەی ئێستا کە لە سایەی تەکنەلۆژیای زانیاری و سۆشیال میدیاوە دەنگی زڕ و نەشازیان بە هەموو دنیا دەگات و لەو ماوەیەی دوایی زۆر بە ناهەقی پەلاماری ئەو کابرایەیان دەدا، ئەوکاتیش بە هەمان چەشن هەبوون  لە وتاری پڕ درۆ و چەواشەکاریی سیاسییە پاشەڵپیسەکان، یا وتاری توندوتیژانەی هەندێ کارەکتەری دیکە قەت وەڕەس نەدەبوون، لێ نەک هەر سەلیقەی نیو سەعات دانیشتنیان بەرامبەر ڕێنمایی و زانیارییە جوانەکانی ئەو پیاوە نەبوو، بەڵکە هەر کە ئەو کابرایەیان دەبینی، دەیانوت، ئەها دیسان زۆربڵێکە هاتەوە سەر شاشە! 

بەڵێ دیارە لەناو قەومی بەسیتا قەدری سنعەتکار

وەکو عەکسی قەمەر وایە لەناو حەوزێکی لیخندا

سەرەتای دووهەزارەکان، کاتێ هێشتا لە هەولێر مابوو، ڕۆژێک لێل هاوڕێیەکا  چووینە خزمەتی بەڕێزیان لە  بنکەی ڕاوێژکاریی دەروونی و کۆمەڵایەتی کە دەکەوتە شوێنی کوالیتی کۆنتڕۆڵی ئێستا لەسەر ڕێگەی شۆڕش. ئەمە ئەوەڵ و دوادیداری من بوو لەگەڵ ئەو مێرخاسە.

ئێستا ناسیتانەوە، وێنەکە کێیە؟

سڵاو و حورمەت بۆ د. کەریم شەریف قەرەچەتانی لە هەر کوێیەکن.

ئەیوب کوردی


Like it? Share with your friends!

Comments

كۆمێنت

Choose A Format
Personality quiz
Series of questions that intends to reveal something about the personality
Trivia quiz
Series of questions with right and wrong answers that intends to check knowledge
Poll
Voting to make decisions or determine opinions
Story
Formatted Text with Embeds and Visuals
List
The Classic Internet Listicles
Countdown
The Classic Internet Countdowns
Open List
Submit your own item and vote up for the best submission
Ranked List
Upvote or downvote to decide the best list item
Meme
Upload your own images to make custom memes
Video
Youtube, Vimeo or Vine Embeds
Audio
Soundcloud or Mixcloud Embeds
Image
Photo or GIF
Gif
GIF format