meko itech1

كەیسی (گۆڤەند) دەكەوێتە لای داواكاری گشتی و دەستەی مافی مرۆڤ

Hackers

ماوەی چەند رۆژێکە، بە بەردەوامی و ناو بەناو، کۆمەڵێک کچ و کوڕی گەنج و تازەپێگەیشتوو، یەك یەك یان دوو دوو، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەردەکەون و پەیامێكی پەشیمانی پەخش دەكەن و داوای بوورین دەكەن، ئەو كچ و كوڕانە لە پەیامەكانیاندا، ناوی (گۆڤەند) ناوێک دەهێنن و دەڵێن: ”لەسەر دەستی كاك گۆڤەند تۆبە دەکەین و چیتر کاری بەدڕەوشتی ناکەین!“ بەپێی بەدواداچوونێک و هەروەها وەك لە چەندان دەنگی گفتوگۆی مۆبایل و ئۆنلاینەوە دەرکەوتووە، ئەو کچ و كوڕانەی پەشیمانی دەردەبڕن، وەها دەدوێن كە بەڵگە و دیمەنی ڤیدیۆیی نەشیاویان لای ئەو (گۆڤەند) ناوەیە و گۆڤەندیش هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ئەو بەڵگە و ڤیدیۆیانەیان لێ دەكات، لە حاڵێكدا ئەگەر ئەو پەیامی پەشیمانیە بە ڤیدیۆ و بە دەموچاو و دەنگی خۆیانەوە بڵاو نەكەنەوە.

ئەمە پوختەی كەیسێكە بە ناوی كەیسی (گۆڤەند و پەیامی كچ و كوڕە پەشیمانەكان!)ە كە ماوەیەكە سۆشیال میدیای كوردیی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە و ترس و نیگەرانیی لای خەڵكێكی زۆر دروست كردووە، چەندین كێشەی كۆمەڵایەتیی بەدوای خۆیدا هێناوە. لەمبارەیەوە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیش لە هەرێمی کوردستان، بەدواداچوونی بۆ ئەو کەیسە دەست پێکردووە.

گۆڤەند کێیە؟

تا ئێستا زانیاریی ورد و دروست و یەكلاكەرەوە و پشتڕاستكراوە لەسەر ئەو (گۆڤەند) ناوە نیە، ئایا ناوەكە خواستراوە یان ناوی راستەقینەی خۆیەتی؟ لە كام وڵات و لە كام شار و دەڤەر نیشتەجێیە؟ ئەو دەنگەی بڵاو دەبێتەوە، دەنگی راستەقینەی خۆیەتی یان بە فلتەری دەنگیدا تێدەپەڕێت؟ ئەو كچانە چۆن و بۆچی وا بەئاسانی گرتەی ڤیدیۆیی و بەڵگەی كاری ئابڕووبەر و زانیاریی ژیانی تایبەتیان دەكەوێتە دەست ئەو (گۆڤەند) ناوە؟ ئەی بۆچی وەها بەئاسانی و بەئاشكرا داوای لێبوردن دەكەن لە (گۆڤەند) ناوەكە؟ بۆچی هیچیان پەنا بۆ سكاڵای یاسایی و پۆلیس نابەن؟ ئایا (گۆڤەند) بەتەنیا خۆی ئەم كارە دەكات، یان شوێنی تر هاوكاریی دەكەن؟ چی تر لە هەگبەی (گۆڤەند)دایە؟ لەوانەش هەمووی گرنگتر، (گۆڤەند) مەبەستی لەم كارە چیە؟

بۆ وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە، هەر لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە، وەڵامی جیاواز و شرۆڤەی جیاواز لەلایەن كەسانی جیاوازەوە بڵاو دەكرێتەوە. ئەوەی كە تا ئێستا هەیە و یەكلا بووەتەوە، تەنیا دەنگی گۆڤەندە، كە بە شێوەئاخاوتنێك دەدوێ، زیاتر لە شێوە ئاخافتنی ناوچەكانی دەوروبەری شاری هەولێر دەچێت. هەندێك دەڵێن ناوی راستەقینەی (ئ.ف) و پێشتر لە وڵاتی بەریتانیا بووە و لە ماوەی رابردوودا دیپۆرتی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە، واتە لە هەرێمی كوردستان دەژی، هەندێكیش دەڵێن نەخێر هێشتا لە بەریتانیا یان وڵاتێكی تری ئەورووپا دەژی، خەڵكانێكیش وێنەی فۆتۆ دادەنێن و دەڵێن ئەوە وێنەی (گۆڤەند) ناوەكەیە، بەڵام ئەوەشیان تا ئێستا دەزگایەكی رەسمی پشتڕاستی نەكردووەتەوە.

بەڵگە و گرتە ڤیدیۆییەكان

چۆن ئەو بەڵگە و گرتە ڤیدیۆییە ناشیاوانەی ئەو كچ و كوڕانە دەكەونە دەستی ئەو (گۆڤەند) ناوە؟ بەدڵنیاییەوە ساویلكەیی ئەو كچ و كوڕانە و كێشە و كەمتەرخەمیی لە پەروەردەی خێزانیدا، رۆڵی سەرەكیی لەوەدا هەیە، بەڵام بۆچی لای (گۆڤەند)؟ ئەوەی تا ئێستا دەگوترێت، ئەوەیە كە ئەو کوڕە زۆر شارەزایە لەوەی ئەو كچانە بخاتە ژێر ركێفی خۆی و كەسانێكی تریش هاوكاریی دەكەن لەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئەو كچانەدا ببەستن و گرتە و بەڵگە تۆمار بكەن، ئەمە جیا لەوەی هەر ئەو كچانەی كە بەڵگەیان دەكەوێتە دەستی، ئەو (گۆڤەند) ناوە هەوڵ دەدات كە بەكارهێنانی ئەوان بەڵكەی كچگەل و كوڕگەلی تری دەست بكەوێت، لە هەموو حاڵێكدا ئێستا ژمارەیەكی بەرچاو لە كچ و كوڕی كورد بەتایبەتی زۆربەی كچانن، بەڵگەیان لای (گۆڤەند) هەیە و هەر ماوە نا ماوەیەك كیژۆڵەیەك یان كوڕێك بە ناو و وێنە و دەنگی راستیی خۆیەوە بە پەیامی ڤیدیۆیی، داوای لێبوردن لە (گۆڤەند) دەكات و دەڵێ: تۆببە ئیتر كاری وەها ناكەم!

بۆچی (گۆڤەند) ئەو كارە دەكات؟

دیسان وەڵامی دروست و تەواو و یەكلاكەرەوەی ئەو پرسیارەش نیە: بۆچی (گۆڤەند) ئەو كارە دەكات و ئامانجی لەو كارانەی چیە كە هەم بەڵگەی ئەو كچانەی دەست بكەوێت و ئەم داوای لێبوردنیان پێ بكات؟ هەمان ئەو دەنگەی بە ناوی (گۆڤەند)ەوە قسە دەكات، لە چەند شوێنێكدا بەناوی گرووپەوە قسە دەكات و دەڵێ: ”ئامانجمان كاری نەهێشتنی بەڕەڵایی و بێئەخلاقیە لەنێو كۆمەڵگەی كوردستاندا“ كە پێی دەڵێن: ”تۆ بۆ بەدەستهێنانی پارە ئەم كارە دەكەیت“، ئەو (گۆڤەند) ناوە رەتی دەكاتەوە و دەڵێ: ”ئەگەر مەبەستم پارە بوایە، بەڵگەی وەهام لایە پارەیەكی یەكجار زۆر دەكات، بەڵام من نایفرۆشم و مەبەستمە ئەو كەسە داوای لێبوردن بكات و ئەو كارەی پێ تەرك بكەم“. كە پێی دەڵێن تۆ سەر بە فڵانە دەزگا و فیسارە حزبیت، دیسان ئەوەش رەت دەكاتەوە، هەروەها زۆر دڵنیایشە لەوەی كە كەس ناتوانێ زانیاریی دروست لەسەر ئەو پەیدا بكات و بیگاتێ.

كەیسی (گۆڤەند) لە داواكاری گشتی

لەبارەی ئەوەی ئاخۆ هیچ بەدواداچوونێكی یاسایی هەیە بۆ ئەو كەیسە لە كاتێكدا ئەو كەسانەی پەیامی پەشیمانی دەردەبڕن و داوای لێبوردن لە (گۆڤەند) ناوەكە دەكەن، هەموویان نیشتەجێی شارەكانی هەرێمی كوردستانن؟ شوان سابڕ مستەفا، لێکۆڵەری داد لە شاری هەولێر ڕای گەیاند: ”به‌پێی زانیارییه‌كانمان، بۆ نووسینی دەعوا، سه‌رۆكایه‌تیی داواكاری گشتی به‌دواداچوونی بۆ كه‌یسی گۆڤه‌ند و قوربانییه‌كانی کردووە، هه‌روەھا ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤیش بۆ هه‌مان مه‌به‌ست سه‌رقاڵی كۆكردنه‌وه‌ی زانیارییە له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسه“‌.

شوان سابڕ کە خۆی کۆمەڵێک بەڵگە و زانیاریی رادەست بە داواکاری گشتی کردووە لەسەر ئەو کەیسە، گوتیشی: ”بابەتەکە ئەوەیە، ئەو گۆڤەند ناوە ئه‌كاونتێكی به‌ ناوی (سی تی ئێس) داناوه‌ و هه‌ڕەشەی لە‌ هه‌ندێ كچ و كوڕ کردووە، به‌وه‌ی زانیاری و گرته‌ و دۆكیومێنتی ئابڕووبه‌ریان بڵاو ده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر گرته‌یه‌كی (وه‌ك ئه‌وانه‌ی بڵاو کراونەتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان‌) بڵاو نه‌كه‌نه‌وه‌ و داوای لێبووردنی لێ نه‌كه‌ن، به‌و عیبارات و وشانه‌ی ئه‌و له‌سه‌ریان فه‌ڕز ده‌كات“.

ڕاشی گەیاند،‌ ئه‌وانه‌ی له‌و دۆسێیه‌وه‌ تێوە گلاون، هه‌موویان گه‌نجی تازه‌ پێگه‌یشتوون و هه‌ندێكیشیان به‌پێی یاسا منداڵن، گوتی: ”ئەوە لە رووی شەرعەوە گوناحێکی گەورەیە ئەو کەسە دەیکات، لە رووی یاساشەوە تاوانی ئبتیزازی ئه‌لكترۆنیی پێ ده‌گوترێت و یاسا هیچ ئیعتیبارێك بۆ مه‌به‌ستت دانانێ، تا بڵێی بۆ ئه‌وه‌م بووه‌ عاقڵی بكه‌م، یا بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر رێگه‌ی راست، یا ته‌وبه‌ بكات، چونكه‌ کەس مافی ئه‌و كاره‌ی نییه‌ و به‌و شێوه‌یه‌ش ئه‌وه‌ هه‌ر تاوانێكی موته‌كامیلە“.

ئەو پارێزەرە، گوتیشی: ”له‌ یاسای سزادانی عێراقیدا، ده‌كرێ به‌ چه‌ندین مادده‌ی یاسایی و له‌ یاسای ژمارە (6) ساڵی 2008ی تایبه‌ت به‌ خراپ به‌كارهێنانی هۆكاره‌كانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندی، له‌سه‌ر ئه‌و تاوانه‌ جێبه‌جێ بكرێت، به‌ڵام پێم وایه‌ باشترین و گونجاوترینیان مادده‌ی (430 … ئه‌وانه‌ی تره‌)، كه‌ سزای (بەندکردن كه‌متر له‌ 7 ساڵ)ی داناوه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ خه‌ڵكی تر ده‌كه‌ن، یان مادده‌كانی 437 و 438 بێت و زۆر مادده‌ی تریش. لێره‌ باسی یاساكه‌ ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه كه‌ بزانین یاسا ئه‌و كاره‌ی گۆڤه‌ندی به‌ تاوان هه‌ژمار كردووه‌".

له‌ ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه‌

توێژەرانی کۆمەڵایەتی پێیان وایە، ئەو دۆسیانە سەرەڕای ئەوەی باگگراوندێکی لەدواوە هەیە، کە پەیوەندیی بە دواکەوتوویی کۆمەڵایەتی و كەمتەرخەمیی پەروەردەییەوە هەیە، جگە لەوەش، رەهەندی کۆمەڵایەتیی گەورە لەدوای خۆی بەجێ دەهێڵێت، کە کاریگەریی گەورە دەکاتە سەر ئەو خێزانانەی، تاکەکانیان دەبن بە قوربانی.

لەمبارەیەوە، ساڵح رەحمان، توێژەری کۆمەڵایەتی ڕای گەیاند، ئەرکی خێزان و ناوەندەکانی خوێندنە کە بە شێوەیەکی باش پەروەردەی تاکەکان بکەن، گوتیشی: ”بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان، نەک هەر مێردمنداڵ، بەڵکوو منداڵ مۆبایلی زیرەکی پێیە و لەو ڕێگەیەشەوە زۆر ئاسانە لەخشتە ببرێت، کەسانی گەورەش ئەگەر پەروەردەیەکی تەندروست و باشیان نەبێت، بە هەمان شێوە بەناوی سۆزدارییەوە فێڵیان لێ دەکرێت و دواتر دەبن بە قوربانی“.

ئەگەر ئەو مەبەستەی هەبێ!

گەنجێكی كورد، هەر لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە، لەو بارەیەوە پەیامێكی ڤیدیۆیی بڵاو كردەوە، لەلایەكەوە داوای لە خێزانەكان كرد كە زیاتر ئاگاداری كچ و كوڕەكانیان بن تا لەو كێشانەوە تێوە نەگلێن و گوتیشی: ”كوشتنی ئەو كچانە و حاشاكردن لێیان، بەدڵنیاییەوە چارەسەر نیە و قووڵكردنەوەی كێشەكانە“، لە لایەكی ترەوە داوای لە (گۆڤەند) كرد كە تەنانەت ئەگەر مەبەستیشیەتی لەو رێگەیەوە ئەو كچ و كوڕانە لە هەندێ كاری (خراپ و ناشیاو) دوور بخاتەوە، ئەوە ئامانجەكەی ناپێكێت، چونكە زۆربەی ئەو كچانەی تێوە گلاون، دوای پەیامی داوای لێبوردنەكەیان، ئیدی خێزان و كەسوكاریان حاشایان لێدەكەن و ئەوكات ژیان و رەفتاریان خراپتر دەبێت و بەرەو ئاقارێك دەچێت كە بڕای ببڕا بە دروستی ناكەونەوە نێو كۆمەڵگە و خۆ رەنگە هەندێكیان خۆشیان بكوژن، ئەوەش تاوانێكی ترە و چارەسەر نیە.

hack 1

meko itech1

Like it? Share with your friends!

Comments

كۆمێنت

Choose A Format
Personality quiz
Series of questions that intends to reveal something about the personality
Trivia quiz
Series of questions with right and wrong answers that intends to check knowledge
Poll
Voting to make decisions or determine opinions
Story
Formatted Text with Embeds and Visuals
List
The Classic Internet Listicles
Countdown
The Classic Internet Countdowns
Open List
Submit your own item and vote up for the best submission
Ranked List
Upvote or downvote to decide the best list item
Meme
Upload your own images to make custom memes
Video
Youtube and Vimeo Embeds
Audio
Soundcloud or Mixcloud Embeds
Image
Photo or GIF
Gif
GIF format