سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزەی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێم هیچ بڕە غازێك نادات بە سنووری گەرمیان و ئەو غازەی، كە دێتە سنووری گەرمیان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دابینكراوە لە كەركوكەوە دەهێنرێت، دەشڵێـت: “ئەو نەوتەی بە 90 هەزار دەدرێت لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دابینكراوە و نرخەكەی لەچاو ساڵی پار دوو بەرانبەر زیادی كردوە”.
كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزەی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاند، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی گەرمیانم كرد بەمەبەستی بەدواداچوونكردن بۆ پرسی دابەشكردنی نەوتی سپی ماڵان لە سنوورەكە، كە ئەمساڵ یەكەم بڕە نەوت ئەمڕۆ دابەشكرا بۆ هەر خێزانێك ٢٠٠ لیترە و بەنرخی ٩٠ هەزار دینار و بەپێی زنجیرەی وەكیلەكانی خۆراك لە وێستگەكانی سووتەمەنی دابەشدەكرێت.
تیشی، “ئەو نەوتەی دابەشدەكرێت لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دابین كراوە و نرخەكەی لە چاو ساڵی پار دوو بەرانبەر زیادی كردوە و بۆتە بارگرانی بۆ هاووڵاتیان”.
ڕاشیگەیاند، بەمەسەتێكی دیكە سەردانم بۆ نەوت و كانزاكانی گەرمیان سەبارەت بە گرفتی كەمی غازی ماڵان بوو لە سنوورەكە، كە دەگەڕێتەوە بۆ هۆكاری كەمكردنەوەی ئەو بڕە غازەی دەدرێت بە سنوورەكە بۆ ڕێژەی نزیكەی ٥٠٪ و زیادبوونی خواست لەسەر بەكارهێنانی غاز لە ئێستادا.
ئاشكراشیكرد، حكومەتی هەرێم هیچ بڕە غازێك نادات بە سنووری گەرمیان و ئەو غازەی، كەدێتە سنووری گەرمیان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دابێن كراوە لە كەركوكەوە دەهێنرێتە سنوورەكە.
[zombify_post]