سكرتێری گشتی ناتۆ رایگه‌یاند، ئه‌م قه‌یرانه‌ی ئێستا به‌هۆی هێرشی روسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا سه‌ریهه‌ڵداوه بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر به‌رده‌وام ده‌بێت و ئاڵۆزتریش ده‌بێت، ده‌شڵێت، "زیاتر له 100 فڕۆكه‌ی جه‌نگیمان له حاڵه‌تی ئاماده‌باشیدان كه له ژێر چاودێری ئێمه‌دا كارده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها زیاتر له 120 كه‌شتی جه‌نگی له ده‌ریادا له ئاماده‌باشیدان، هه‌روه‌ها سێ كۆمه‌ڵه‌ی هێرشبردنمان له ئاماده‌باشیدان".
بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ له‌م دۆخه‌دا ده‌مێنینه‌وه
یان ستۆڵنبێرگ، سكرتێری گشتی ناتۆ ئه‌مشه‌و له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌باره‌ی هێرشی روسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا رایگه‌یاند، "پێویسته ئاماده‌كاری زیاتر بكه‌ین بۆ ئه‌م دۆخه، چونكه بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ له‌م دۆخه‌دا ده‌مێنینه‌وه، له‌هه‌مانكاتدا پێویسته خه‌ڵكی روسیا بزانن كه شه‌ڕی كرمیلن له‌سه‌ر ئۆكرانیا واناكات كه روسیا پارێزراوتر بێت، هه‌روه‌ها واناكات كه روسیا زیاتر رێزی لێ‌بگیردرێت و نابێته‌هۆی ئه‌وه‌ی كه روسیا ئاینده‌یه‌كی باشتری هه‌بێت بۆ نه‌وه‌كانی داهاتودا".
له‌وه‌ڵامی كۆكردنه‌وه‌ی هێزی گه‌وره له‌لایه‌ن روسیاوه ئێمه هێڵه‌كانی به‌رگری خۆمان بههێزتركردوه
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "له‌وه‌ڵامی كۆكردنه‌وه‌ی هێزی گه‌وره له‌لایه‌ن روسیاوه ئێمه هێڵه‌كانی به‌رگری خۆمان بههێزتركردوه، دوێنێ هاوپه‌یمانه‌كانی ناتۆ پلانی به‌رگریكردن له خۆمانیان چالاككرد، له ئه‌نجامی ئه‌وه‌شدا ئێمه چه‌ندین یه‌كه‌ی سه‌ربازی ناتۆ له‌سه‌ر وشكانی، ئاسمانی و ده‌ریا جێگیر ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی هێڵی به‌رگری خۆمان به‌هێزتر بكه‌ین و وه‌ڵامی خێرای هه‌ر پێشێلكاریه‌ك بده‌ینه‌وه، ئه‌مریكا، كه‌نه‌دا و هاوپه‌یمانه ئه‌وروپییه‌كانمان هه‌زاران سه‌ربازیان له رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا جێگیر كردوه، ئێمه زیاتر له 100 فڕۆكه‌ی جه‌نگیمان له حاڵه‌تی ئاماده‌باشیدان كه له ژێر چاودێری ئێمه‌دا كارده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها زیاتر له 120 كه‌شتی جه‌نگی له ده‌ریادا له ئاماده‌باشیدان، هه‌روه‌ها سێ كۆمه‌ڵه‌ی هێرشبردنمان له ئاماده‌باشیدان".
پێویسته هیچ بوارێك بۆ لێكدانه‌وه‌ی هه‌ڵه و لێكتێنه‌گه‌یشتن نه‌بێت
ستۆڵنبێرگ باسی له‌وه‌شكرد، "پێویسته هیچ بوارێك بۆ لێكدانه‌وه‌ی هه‌ڵه و لێكتێنه‌گه‌یشتن نه‌بێت، ئێمه هه‌مو شتێك ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانه‌كانمان بپارێزین، هه‌مو ئه‌ندامانی ناتۆ و خاكه‌كه‌یان ده‌پارێزین، سه‌ركرده‌كان ئه‌مڕۆ رونمانكرده‌وه كه پێویسته به‌رده‌وام بین له پاڵپشتی خۆمان بۆ ئۆكرانیا و روسیا هه‌وڵ ده‌دات كه ناتۆ و ئه‌وروپا پاڵپشتی كه‌متر بۆ ئۆكرانیا دابین بكه‌ن، بۆیه وه‌ڵامی كۆده‌نگی ئێمه ئه‌وه‌یه پێویسته پاڵپشتی زیاتر پێشكه‌ش بكه‌ین بۆ وڵاتانی وه‌كو جۆرجیا، مه‌ڵدۆڤا و سلۆڤینیا، بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاریان بكه‌ین تا له ریفۆڕمه دیموكراتیه‌كانیان سه‌ركه‌وتو بن و به‌و رێگایه‌دا بڕۆن كه خۆیان ئازادانه هه‌ڵیان بژاردوه".
له‌باره‌ی به‌رگری هێزه‌كانی ئۆكرانیا به‌رامبه‌ر روسیا و مه‌ترسییه‌كانی كه‌وتنی كیێڤی پایته‌خت، سكرتێری ناتۆ وتی، "ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یبینین به‌راستی داگیركاریه‌كی ته‌واوه له‌سه‌ر ئۆكرانیا، له چه‌ندین ئاڕاسته‌وه له ده‌ریاو وشكانی و ئاسمانیه‌وه هێرشی ده‌كرێته سه‌ر
ئه‌مه‌ش هه‌ر ئه‌و شته‌یه كه پێشتر له رێگه‌ی زانیاریه ههواڵگریهكانمانهوه پێشبینیمان كردبو، پێشتر هێزی زۆری روسیا له وشكانی و ده‌ریاییه‌وه له ده‌وروبه‌ری ئۆكرانیا كۆكرابوه، ده‌بینین كه ئه‌و وتار و په‌یامانه‌ی كه ئێمه گوێمان لێبوه ده‌یانه‌وێت حكومه‌ت بگۆڕن له‌كاتێكدا به دیموكراسی هه‌ڵبژێردرابو، له نزیكه‌وه له پهیوهنیداین له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئۆكرانیا و له نزیكه‌وه چاودێری ده‌كه‌ین و تا ئێستا دۆخه‌كه رون نیه و هێزه‌كانی ئۆكرانیا ئازایانه ده‌جه‌نگن و توانیویانه كه به‌رامبه‌ر به هێزه‌كانی روسیا بوه‌ستن".
[zombify_post]